شتێک دەقەومێ

تەنیا کوردی

گابریل گارسیا مارکز، دەیگێڕێتەوە، لە گوندێک پیرەژنێک لە خۆڕا لە بەردەم دو منداڵ و ژنێک گوتی، “ھەستدەکەم شتێک دەقەومێ”، لەوکاتە ژنەکە  رۆشتە قەسابخانە بەو نیەتەی یەک کیلۆ گۆشت بکڕێ، بەڵام بە قەسابەکەی گوت دو کیلۆ گۆشتم دەوێ، چونکە دەڵێن “شتێک دەقەومێ”.

دواتر کەسێک  ھات قەسابەکە پێیگوت دەڵێن، شتێک دەقەومێ، کابرا سێ کیلۆ گۆشتی کڕی، تا وای لێھات خەڵک گشتی دەستیان کرد بە گۆشت و، ئازوقە کڕین و ھەمویان کۆبونەوە و دەیانگوت، شتێک دەقەومێ.

وای لێھات چۆلەکە بھاتبا سەردارێک دەیانگوت، ئەمە سەعاتی قەومان نزیکەو ھەرگیز چۆلەکە لەم کاتە بەم شێوەیە نەھاتوە مەگەر ھەواڵی قەمانەکە نەبێ، کاتێ کۆببونەوە لە دەوری یەکتر، لە دوای نیوەڕۆ کە وەرزی ھاوین بو گەرما بو، دەیانگوت ھەرگیز گەرمای وا نەبوە لەم گوندە، ئیتر بەبێ ئەوەی ھیچ بقەومێ، خەڵک ئەم گوندەیان چۆڵ کرد و خۆین روداوەکەیان قەوماند.

ئێستا لەم زروفە سیاسییەی کە ھەیە، ناوچەکە لەبەردەم جەنگێکی نابەرامبەرە، لەم دۆخە سەختە وای لێھاتوە ھەرچی دەمی دەکاتەوە دەڵێ، شتێک دەقەومێ، کەشێکی ناسەقامگیر لە ڕوی دەرونییەوە بەسەر رای گشتی زالبوە، تاکە کلیلی رەواندنەوەی ئەم ھەستە لەنێو رای گشتی، تەنیا ئەوەیە کە پارتی و یەکێتی و ھێزە سیاسییەکان، بەتەبایی و ئەنجامدانی ھەڵبژاردن و یەکگوتاری لە بەغداو راگرتنی ھاوسەنگی دیپلۆماسی، بڵێن بە کردار کاردەکەین و، بەیەکەوەین بۆیە ھیچ ناقەومێ.

راستە ھەندێ شت قەوماوە، قەیرانی دارایی، فشاری سیاسی بەغدا لەسەر قەوارەی ھەرێم، بەڵام گەر یەکگرتوبین، پێشمەرگە یەکگرتو بکەین، ھەڵبژاڕدن بکەین، ئەوا بەھێزدەبین و لێقەومانی گەورە نابینین و ھەڵدەستینەوە.

جوانترین دیپلۆماسیەتی ئەم ساڵ، لەوەدایە کە ھەرێم تەرەف نییە لە جەنگی ئیسرائیل و  فەڵەستین، باشترین بژاردە گەر دو دەوڵەت بێ بۆ ئەمان، ئەوا لە کۆتایی دا لە سێ قەزیەی گەورەی رۆژھەڵاتی ناوین، (قەزەی فەڵەستین، کورد و ئەرمەن)، ئەوا فۆکسی زیاتر دێتە سەر کورد و، ئەوکاتە بۆ کوردیش لەڕوانگەی نێودەوڵەتییەوە بە ئاشتی قەزیەکەی لە رۆژھەڵاتی ناوین دیزایندەکرێتەوە و چارەسەر دەکرێ.

گرینگە ھێزە سیاسییەکان، قوفلێک لە میدیای ناتەندروست بدەن لەم قۆناغە، میدیا پێویستە نیشتمانی بێ، بە رەخنەوە و ستایشەوە.

راستە، ناوچەکە دەکوڵێ، بەڵام گەر ھەمویان لە جیاتی بڵاوکردنەوەی چیرۆکی قەوماندن، دەستکەن بە ھەڵسانەوەی پێگەی ھەرێم و ئەم کەشە دەرونییە تێپەڕێنن، ئەوا ھیچ ناقەومێ و پێگەی ھەرێم بەھێزتر دەبێ..بەڵام گەر ھەموی بڵێ دەقەومێ، ئیتر  وەک گوندەکە بەبێ ئەوەی شتێ بقەومێ، خۆمان بەدەستی خۆمان، روداوی قەومان دروست دەکەین، ئەوکاتە ھەمومان لەجیاتی دەسکەوتەکان بپارێزین، قەوارە رادەست دەکەین.

دڵخوازەكانتان