جێگری پێشووی نەقیبی رۆژنامەنووسان و سکرتێری لقی سلێمانی یەکدی تۆمەتبار دەکەن

جێگری پێشووی نەقیبی رۆژنامەنووسانی کوردستان و سکرتێری لقی سلێمانیی سەندیکاکە یەکدی تۆمەتبار دەکەن. یەکەمیان دەڵێت سکرتێری لقی سلێمانی بەهۆکاری وەرگرتن و پاکتاونەکردنی پارە و تاکڕەوی لەکارکردن لادراوە، سکرتێری لقی سلێمانیش دەڵێت “دەبێت لەبەردەم یاسا و لە دادگە، تۆ و نەقیبی رۆژنامەنووسان ئەو تۆمەتانە بسەلمێنن.”

شەوی دووشەممە (30-10-2023) ئەنوەر حوسێن بازگر، جێگری پێشووی نەقیبی رۆژنامەنووسان، کە ئێستا ئەندامی ئەنجوومەنی سەندیکاکەیە، روونکردنەوەیەکی لە وەڵامی قسەکانی کاروان ئەنوەر، سکرتێری لقی سلێمانیی سەندیکا بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە “لەچەند رۆژی رابردوودا لە قسە و باسی نێوان نەقیبی رۆژنامەنووسان، سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای (لادراو) کاروان ئەنوەر، بەهۆی بابەتێکەوە ناوی منی هێناوە، کە من نەمدەویست هیچ قسەیەک بکەم، بەڵام ئەم روونکردنەوەیەم بۆ وەڵامی ناڕاستییەکان بەپێویست زانی.”

ئەنوەر حوسێن بازگر لە روونکردنەوەکەیدا ئاماژەی بە چەند خاڵێک داوە، لەوانە:

یەکەم: بەڵێ ناوبراو (کاروان ئەنوەر) بە ئیمزای هەموو ئەنجوومەنی سەندیکا بە منیشەوە لە سکرتێری لق لادراوە، بەهۆکاری وەرگرتن و پاکتاونەکردنی پەنجا ملیۆن دیناری پایتەختی رۆشنبیری کە نوێنەری سەندیکا بووە.

دووەم: بەهۆی نەگەڕانەوەی بیست و دوو ملیۆن دیناری ئابووری سلێمانی.

سێیەم: بەهۆی تاکڕەوی لەکارکردن و رێزنەگرتن لە بڕیاری ئەنجوومەنی سەندیکا، ناوبراو  لادراوە، منیش وەکو ئەرکی پیشەیی و سەندیکاییم مامەڵەم کردووە.

چوارەم: بابەتی جێگری نەقیب هیچ پەیوەندیی بە خاڵی یەکەم و لادانی ناوبراو نییە، بە ویستی خۆم بە ساڵێک دوای ئەو بڕیارە، من دەست لەکارکێشانەوەم پێشکێشی رێکخراوە دیموکراتییەکان (د. میران) و نەقیبی رۆژنامەنووسان کردووە، دەتوانن سەیری دۆسییەی ئەو بابەتەش بکەن و لە هەریەکە لەو بەڕێزانە بپرسن.

دوای روونکردنەوەکەی ئەنوەر حوسێن بازگر، کاروان ئەنوەر، سکرتێری لقی سلێمانیی سەندیکای رۆژنامووسان لە وەڵامدا نووسی “دوایین ئیمزای ئەنوەر حوسێن وەک جێگری نەقیب، ئەو ئیمزایە بوو کە لەسەر لادانی ئێمە کردبووی و بە ئەندامانی ئەنجوومەنی گوتبوو، گوایە ئەو سەرپشک کراوە بۆ ئەم کارە! ئەی بۆچی خۆی لە جێگری لادرا؟”

کاروان ئەنوەر لەبارەی تۆمەتبارکردنی بە بردنی پارە، دەڵێت “ئەو ژمارانەی باست کردوون گوایە لە لقی سلێمانی پاکتاو نەکراون، یان ئەو خاڵانەی ئیمزات پێکردن کە گوایە ئێمە کردوومانن، بە پیرۆزترین وشە، بە شیری بەری دایکی شەھیدان، ھەر ھەموویان درۆ و بوختانن، دەبێت لەبەردەم یاسا و لە دادگەدا تۆ و نەقیبی رۆژنامەنووسان ھەر ھەموویان بسەلمێنن، ئەگەر بۆتان سەلمێنرا تەنیا یەک دینار، تەنھا یەک کەمتەرخەمیی، تەنیا یەک لادان لە پەیڕەو و یاسای سەندیکا، ئەوا من ئامادەم لەبەردەرکی سەرای سلێمانیدا لەسێدارە بدرێم و وەک خائین ناوزەد بکرێم. ئەگەر نا، وەی لە حاڵتان چ دەروازەیەکی دۆزەخ لەسەر خۆتان دەکەنەوە، باجی درۆ و بوختان ھەڵبەستنتان، باجی تۆمەت و ناشیرین کردنمان، بەپێی یاسا و رێسا، تاوەکو مردن وەک مۆتەکە لە کۆڵتان نابێتەوە.”

دڵخوازەكانتان