مەسرور بارزانی: بەهیچ شێوەیەک رێگە نادەین مافی هیچ مامۆستایەک بفەوتێت

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، “قوتابییان بەر لە خوێندن دەبێت پەروەردەبکرێن؛ ئێمە وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبین لە دروستکردنی قوتابخانەی نوێ و بەهیچ شێوەیەکیش رێگە نادەین مافی هیچ مامۆستایەک بفەوتێت”.

بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ـی ئۆکتۆبەری 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە و ئومێد خۆشناو، پارێزگای هەولێر قوتابخانە و باخچەی منداڵانی ماجیدیی لە هیوا سیتی لە شاری هەولێر کردەوە و، دواتر گوتارێکی پێشکەشکرد.

مەسرور بارزانی لە بەشێکی گوتارەکەیدا گوتی:”قوتابخانە تەنها فێرکردنی خوێندن نییە، بەڵکوو پەروەردەکردنیش کە قوتابی دێتە قوتابخانە دەبێت فێری ئەوە بێت کە دواتر چۆن لە ژیاندا مامەڵە لەگەڵ گرفتەکانی رۆژگار بکات. یەکەم وانە لە مامۆستاکەی فێردەبێت، بۆیە ئەوەی لەسەر حکومەتە پێویستە کەشێکی گونجاو، قوتابخانەی رێکوپێک بۆ قوتابییە خۆشەویستەکان دروست بکات”. 

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، “دەزانم کەموکورتیمان هەیە لە زۆر شوێن، بەڵام ئەوەی حکومەت لەسەریەتی و لە توانایدایە بەردەوام دەبێت لەوەی کە قوتابخانەی نوێ دروستبکەین یان ئەو قوتابخانەی کە هەن نۆژەنیان بکەینەوە. تاوەکو ئێستا زۆر لەو قوتابخانانە نۆژەنکراونەتەوە و هەندێک قوتابخانەی نوێ دروستکراون، بەڵام دیسان ئێمە پێویستیمان بە زۆر قوتابخانەی زیاتر هەیە لەسەر ئاستی هەموو کوردستان و بەردەوام دەبین”. 

لەبارەی بایکۆتکردنی هۆڵەکانی خوێندن لەلایەن مامۆستایانەوە، سەرۆکی حکومەت ئەوەی خستەڕوو: “لێرەدا من سوپاسی هەموو ئەو مامۆستانە بەڕێزانە دەکەم کە بەردەوامن لە فێرکردنی قوتابییە خۆشەویستەکان. دەزانم کە دۆخی ژیانیان سەختە، ئاسان نەبووە بەتایبەتی ئەو ماوەیەی رابردوو بابەتی مووچەکان بووە بابەتێکی سەرەکی کێشە، بەتایبەتی ئەوانەی کە جگە لە مووچە، هیچ داهاتێکی تریام نییە بۆ بژێوی ژیانی خۆیان، بەڵام مامۆستاکان بە لەخۆبردوویی هاتوون و دەرس دەدەن و وانە دەڵێنەوە، من سوپاسی هەموو ئەو مامۆستا بەڕێزانە دەکەم”.

ڕاشیگەیاند: “ئەو مامۆستا بەڕێزانەی تریش کە تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە بێن بەردەوامبن لە خوێندن و، داوای مافی خۆیان دەکەن، من لێرە دەمەوێت پاڵپشتیی خۆم بۆ ئەو مامۆستایانە دەرببڕم و منیش لەگەڵ ئەوان دەنگی خۆم دەخەمە پاڵ دەنگی ئەوان کە پێویستە هەموو ماف و شایستە داراییەکانیان دابین بکرێت، بەڵام دەبێت ڕووی رەخنەکانمان لەو لایە بێت کە هۆکارە بۆ بڕینی مووچەکانیان یان دواخستنی مووچەکانیان؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆکار نییە و زۆر بە پەرۆشە بۆ ئەوەی بە زووترین کات مووچەکانیان بۆ دابین بکات و بەردوامیش دەبین بۆ ئەوەی بە یەکەوە داوای مافەکانی مامۆستایان و هەموو فەرمانبەرانی تری خەڵکی کوردستان بکەین”.

بە گوتەی مەسرور بارزانی، “بەداخەوە هەندێک لایەن لەوانەیە سواری شەپۆلەکە بووبن و یاری بە هەستی مامۆستا بکەن. ئەوانەی کە ئێستا هانی مامۆستایان دەدەن مەیەنەوە بۆ پۆلەکان بۆ قوتابخانەکان، دەیانەوێت تۆڵەی ئەوانەی مووچەکانیان بڕیوە لە قوتابییەکان بکەنەوە کە ئەمە بەهیچ جۆرێک شیاو نییە. قوتابی پێویستە یەکەم وانە کە لە مامۆستا فێردەبێت وانەی کۆڵنەدانە، بەردەوامبوونە. دەبێت یارمەتی یەکتر بدەین بۆ ئەوەی قوتابییانی ئێمە لە سەرەتاوە فێری خۆشەویستی بن، فێری کۆڵنەدان بن، فێری بەردەوامبوون بن، فێری خۆڕاگری بن و فێری ئەوە بن کە چۆن لە ژیاندا پێویستە بەسەربەرزی بمێننەوە و بەهیچ جۆرێک کۆڵنەدەن بۆ هیچ لەو گرفتانەی دێتە ژیانی رۆژانەیان”.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکات “ئەوانیش بێن لەگەڵ ئێمە داوای مافی مامۆستایان و هەموو مافەکانی خەڵکی کوردستان بکەن، لەو شوێنەی کە مافەکانیان پێشێلکردووین؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان حکومەتی ئێوەیە، شتێک نییە جیاواز بێت لە ئێوە و، لە خزمەتی ئێوەدایە و بەردەوامیش دەبین. دڵنیاشتان دەکەمە کە بەهیچ شێوەیەک رێگە نادەین مافی هیچ مامۆستایەک بفەوتێت، هەموویان قەرەبوو دەکرێنەوە، پێش ماوەیەکیش گوتم ئەوەی قەرەبوو ناکرێتەوە، ئەم تەجروبەیەیە، ئەم تاقیکردنەوەیەیە، خوێندنی منداڵانە کە هیوادارم مامۆستا بەڕێزەکان بگەڕێنەوە بۆ قوتابخانەکان و لەگەڵ قوتابییە خۆشەویستەکان بەردەوام بن لە وانە گوتنەوە و پەروەردەکردنی قوتابییان لەسەر بنەمایەکی تەندروست.”

دڵخوازەكانتان