زۆرینەیان تۆمەتی بەعسی‌بوونیان دراوەتەپاڵ؛ 393 کاندید لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بێبەش دەبن

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان 393 کاندید لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگاکان دوور دەخاتەوە کە زۆرینەیان تۆمەتی بەعسی‌بوونیان دراوەتەپاڵ.

ناوەندی (EECST) تایبەت بە توێژینەوە و راهێنان لەسەر هەڵبژاردنەکان لە عێراق رایگەیاند، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراق بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگاکان 393 کاندیدی دوورخستەوە کە 240 کەسیان بەهۆی یاسای لێپرسینەوە و دادپەروەری  دوورخراونەتەوە.

لە یاسای لێپرسینەوە و دادپەروەریدا هاتووە؛ یەکێک لە مەرجەکان کە بۆ کانیدی هەڵبژاردنەکانی عێراق دانراوە، مەرجی بەعسی نەبوونە.

ئاماژەی بەوەشداوە، 54 کاندید بەهۆی بوونی پێشینەی تاوان، 46 کاندید لەسەر پرسی دەستپاکی و 22 کاندید بەهۆی کەمی بەڵگەنامە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق دوورخراونەتەوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، کە 12 کاندید بەهۆی ئەندامبوونیان لەنێو هێزە ئەمنییەکان، 10 کاندید بەهۆی نەبوونی بڕوانامەی ئامادەیی، هەشت کاندید بەهۆی بوونی گرفت لە بڕوانامەی خوێندن و کاندیدێک بەهۆی پێشێلکردنی رێساکانی مامەڵەکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دوورخراونەتەوە.

لەلایەن خۆیەوە، عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاندبوو، زیاتر لە 300 کاندید بێبەش کراون له ‌به‌شداریكردن له ‌پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان، بەشێوەیەک 197 کاندید بۆ رێکارەکانی لێپرسینەوە و دادپەروەری و 102 کاندیدیش بەهۆی بوونی تاوان لە تۆمارەکانیان دوورخراوەنەتەوە، هەروەها کاندیدێکش بەهۆی ئەندامبوونی لە ئاسایشی نیشتمانی و کاندیدێکیش بە تۆمەتی تیرۆر، کاندیدێکیش بەهۆی رێکارەکانی دەستپاکی و 19 کاندیدی دیکەش بەهۆی بەرجەستەنەبوونی مەرجەکانی کاندیدبوون دوورخراوەنەتەوە.

ناوەندەکە لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق باسی لەوەکرد، 23.3 ملیۆن کەس لە عێراق مافی دەنگدانیان هەیە، بەڵام لەو ژمارەیە نزیکەی 10 ملیۆن کەسیان لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگاکان بێبەش دەبن، ئەمەش بەهۆی ئەوەی تا ئێستا کارتی بایۆمەتریان وەرنەگرتووەتەوە، بەم پێیەش بێت، سەدا 41ـی دەنگدەرانی 15 پارێزگا لە عێراق لەو هەڵبژاردنە بێبەش دەبن.

وابڕیارە رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکای عێراق (بێجگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بەڕێوەبچێت و لەو هەڵبژاردنەدا، 23 ملیۆن و 367 هه‌زار و 81 كه‌س مافی ده‌نگدانیان هه‌یە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی 15 پارێزگای عێراق بە پارێزگاکانی کەرکووک و نەینەواوە، هەروەها کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و 7765 بنکەی ده‌نگدان کە 48 هەزار و 40 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت، بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان.

دڵخوازەكانتان