ساڵانە پێویستە نزیکەی 58 هەزار منداڵ لە هەرێمی کورستان ڤاکسینی دژە ئیفلیجی وەربگرن

رۆژی 28ی تشرینی یەكەمی هەموو ساڵێک، رۆژی جیهانیی نەخۆشی ئیفلیجی منداڵانە، زیاتر ئەو منداڵانە تووشی ئیفلیجی دەبن کە  تەمەنیان لە خوار پێنج ساڵییەوەیە. لە هەر 200 كەسی توشبوو بەم نەخۆشییە یەکەس، تاهەتایە تووشی ئیفلیجی دەبێت و چاك نابێتەوە.

بەگوێرەی داتاکان، لە هەر 100 كەسێكی تووشبوو بە ئیفلیجی، 5 تاوەکو 10 كەسیان دەمرن بەهۆی ئەوەی ماسولكەكانی هەناسەدانیان توانای جوڵەی نامێنێت، تاوەكو ئێستا دەرمانێك بۆ نەخۆشی ئیفلیجی منداڵان نەدۆزراوەتەوە، بەڵام دەكرێت بەهۆی كوتانەوە رێگری لە نەخۆشیەكە بکرێت.

د. بێریڤان عەدنان  بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی خۆپارێزی تەندروستی هەولێر، راگەیاند، ساڵانە سێ جار هەڵمەتى كوتانى ئيفليجى ئەنجام دەدرێت، جگه لە خشتەى كوتانى رۆتينى كه لە بنكەكان لە منداڵان دەدرێت، کە لە تەمەنی یەک رۆژەوە تا چوارساڵ پێنج ژەم ڤاکسین وەردەگرن، کە بەشێوەی دڵۆپ بێت یاخود دەرزی.

ئەوەشی خستەڕوو: “ساڵانە پێویستە 57943 منداڵ لە هەرێمی کورستان ڤاکسینی دژە ئیفلیجی وەربگرن، لای ئێمە 5400 هەزار منداڵ ڤاکسین وەردەگرن، ئەوانی دیکە بە هەڵمەتەکانی كوتان وەریدەگرن”.

رێكخراوی تەندروستی جیهانی لە ساڵی 1988دا، پڕۆگرامێكی جیهانیی بە ئامانجی رێگریکردن لە ئیفلیجی دانا و لەو كاتەوەش تاوەكو ئێستا، رێژەی تووشبوون بە نەخۆشییەكە بۆ لە سەدا 99 كەمیكردووە.

ساڵی 1988 نەخۆشییەكە لە 125 وڵاتی جیهاندا بوونی هەبوو، تەنیا لە سێ وڵاتدا نەخۆشی ئیفلیجی منداڵان دەركەوتووە، كە ئەوانیش، ئەفغانستان، نێجیریا و پاكستان بوون و دەنگۆی ئەوەش هەبوو لە سووریاش هەبووبێت.

دڵخوازەكانتان