مه‌سرور بارزانی بۆ گه‌نج و قوتابییان: ئێوه‌ گەورەترین سەرمایەی کوردستانن

له‌ ئاهەنگی دەرچووانی زانکۆی کوردستان لە شاری هەولێر، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان به‌ گه‌نج و قوتابییانی گوت “ئێوه‌ گەورەترین سەرمایەی کوردستانن”.

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەت لە ڕێورەسمەكه‌دا گوتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا وێڕای پیرۆزبایی لە دەرچووانی زانکۆی کوردستان-هەولێر، سوپاسی مامۆستایانیشی کرد کە بەردەوامبوون لەوەی خوێندن نەوەستێت و خونەویستانە ئەرکی خۆیان بە جێ گەیاندووە.

گوتیشی مامۆستایان هەقی خۆیەتی مووچەکانیان لە سەری مانگدا بۆیان دابین بکرێت، بەڵام حکوومەتی هەرێمی کوردستان هۆکار نییە لە دواخستنی مووچەی مامۆستایان و ئەوان تەنیا نین لەوەی کە مووچەکانیان دواکەوتووە، هەموو بەشەکانی تریش و هەموو فەرمانبەرانی تری حکوومەت بەداخەوە مووچەکانیان دواکەوتووە.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ هەموو هەوڵێکیان داوە و بەردەوامیش دەبن کە مافی مامۆستایان و هیچ فەرمانبەرێکی تری هەرێمی کوردستان نەفەوتێت، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ کاری باشیان کردووە و هەنگاوی باشیشیان هاوێشتووە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی چارەسەر بکرێت.
 
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان مامۆستایانی دڵنیا کردەوە کە حکوومەتی هەرێم پابەندە بەوەی نەهێڵێ مافی مامۆستايان بفەوتێ، ئەو مووچانەی دواکەوتوون قەرەبوودەکرێنەوە، بەڵام خوێندن قەرەبوو ناکرێتەوە، ئەو قوتابییانەی ئەو ماوەیە هەمووی بێبەشبوون و نەیانتوانیوە بچنە قوتابخانە، چۆن قەرەبووی ئەو خوێندنە دەکرێتەوە، بۆیە داوا دەکەم کە ئەرک و بەرپرسیاريیەتی خۆیان بە جێ بگەیەنن و لە خزمەتکردنی گەل و نیشتمانەکەیان بەردەوام بن و نەهێڵن پرۆسەی خوێندن بوەستێت.

لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، سەرۆکی حکوومەت دووپاتی کردەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە گرینگی و بایەخێکی زۆر بە کەرتی پەروەردە و خوێندن دەدات و دەیەوێ لەم ڕێگەیەوە پەرە بە تواناکانی بەنرخترین سەرمایەی کوردستان بدات کە ئەویش گەنجەکانمانن.

لەمبارەیەوە سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوە دا کە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە گرنگیدان بە پەروەردە لە کارە لەپێشینەکانی بووە و ڕایگه‌یاند “پابەندین بە کارکردن و هاوکاریکردنی گەنجەکانمان کە گەورەترین سەرمایەی ئێمەن، هەرێمی کوردستان لەسەر ڕێگەی بوون بە نەتەوەیەکی پڕ زانست و زانیارییە؛ نەتەوەیەک بیرۆکە و داهێنەرەکانی داهاتوو بەرهەم دەهێنێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و ئاسایشی خۆراک و هەژاری؛ هەروەها وەبەرهێنان دەکات لە تەکنەلۆجیا و دەستپێکی دیجیتاڵی لە ڕێگەی وەبەرهێنانی گشتی و تایبەتەوە؛ ڕۆڵی خۆی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەگێڕێت بۆ پێشخستنی پرسە جیهانییەکان”.

سەرۆکی حکوومەت ڕوونیشی کردەوە “لە ماوەی ڕابردوودا کارمان لەسەر هەمەجۆرکردنی ئابووری و گرنگیدان بە کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی کردووە و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانمان هەناردەی دەرەوە کردوون، هەروەها لە کارکردنمان بەردەوامین لە بواری بەدیجتاڵکردنی ئابووری و خزمەتگوزارییەکان و کاراکردنی کەرتی بانکی و بەستنەوەی بە بازاڕی جیهانی، بەم هۆیەشەوە دەرفەتی کارکردن لەبەردەم دەرچووان دەکرێتەوە بۆ ئەوەی لەم بوارانەدا هاوکارمان بن”.

لە کۆتایی گوتارەکەیدا سەرۆکی حکوومەت چەند پەیامێکی بە قوتابيیە دەرچووەکان گەیاند و گوتی “وەک کوردستانی گەشتەکەت لێرەوە دەست پێ دەکات، لە باوەشی بگرە و لە ئاسۆ مەترسە، بەڵام هەرگیز لەبیرت نەچێت لە کوێوە هاتوویت، هەر یەکێک لە ئێوە مافی ئەوەی بەدەستهێناوە کە جیاوازییەک دروست بکات، بۆ پێشەوە برۆن و سەرفراز بن”.

دڵخوازەكانتان