مەسروور بارزانی پێشوازیی لە باڵوێزی ئیتالیا لە عێراق کرد
ئەمڕۆ سێشەممە 10/10/2023، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە ماوریتزیۆ گرێگانتی، باڵوێزی ئیتاڵیا لە عێراق کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا بیروڕا لەبارەی دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا ئاڵوگۆڕ کرا.
هەروەها باس لە کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ کرا و جەخت لە چارەسەرکردنی بنەڕەتیی گشت کێشەکان، بەتایبەتی بابەتی شایستە داراییەکانی هەرێم لە چوارچێوەی دەستوور و یاسای بودجەدا کرایەوە، بە شێوەیەک کە مووچەخۆرانی هەرێمیش وەک سەرجەم مووچەخۆرانی عێراق، مانگانە بەبێ هیچ کێشەیەک و بە شێوەیەکی ئاسایی مووچەکانیان وەربگرن.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی پێویستیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا کرا.