رەوتی سەدر: گەندەڵکارەکانمان سزاداون

وەزیرى موقتەدا سەدر، رێبەرى رەوتى سەدر رایگەیاند، رەوتەکەى بەرپرسیارێتى بەشداریکردنى لە حکومەتەکانى رابردوو لەئەستۆ دەگرێت و رەخنەش لە فراکسیۆنێکی ناونەهێندراو دەگرێت و بەوە تۆمەتباری دەکات کە هێزەکانى حەشدی شەعبی دەقۆزێتەوە بۆ “بەجێهێنانى مەبەستەکانی.” 

ساڵح محەممەد عێراقى، وەزیرى موقتەدا سەدر، رێبەرى رەوتى سەدر لە تویتێکدا روونکردنەوەیەکى 14 خاڵى لەبارەى ئەو رەخنانە بڵاوکردەوە کە ئاڕاستەى رەوتەکەى کراون لەبارەى بەشداریکردن لە حکومەتەکانى رابردوودا. 

وەزیرى موقتەدا سەدر دەڵێت، بەرپرسیارێتى بەشداریکردنیان لە حکومەتەکانى رابردوو لەئەستۆ دەگرن، بەڵام شەش وەزیریشیان بەهۆى گەندەڵی حکومەتەوە کشاندوونەتەوە. 

لەو تویتەدا ساڵح محەممەد عێراقى ناوى لایەنەکەى دیکەى بە “فراکسیۆنى درۆزنەکان” ناوبردووە؛ بەگوێرەى ئەو رەخنە و تۆمەتانەى ئاراستەى کردوون، گومانەکان زیاتر بۆ ئەوە دەچن مەبەست لێى فراکسیۆنى سادیقوون بێت کە باڵى سیاسی بزووتنەوەى عەسائیبی ئەهلى حەقە کە قەیس خەزعەلى، ئەمیندارى گشتییەتى. 

وەزیرەکەى سەدر دەڵێت، “ئێمە سزاى گەندەڵکارانى خۆمانمان دا، بەڵام ئێوە نەتانکرد و گەندەڵکارانى ئێمەتان وەردەگرت؛ 73 پەرلەمانتارمان کشاندەوە بۆ ئەوەى بە گەندەڵیەکانتان رازی نەبین.” 

کاردانەوەى وەزیرەکەى سەدر لەکاتێکدایە، لایەنگرانى ئەو رەوتە و چوارچێوەى هاوهەنگى بەجیا لە بەغدا مانگرتنیان راگەیاندووە و داواکاریی دژ بەیەکیان هەیە. 

ساڵح  محەمەد عێراقى دەڵێت، “ئێوە حەشدی شەعبی دەقۆزنەوە بۆ جێبەجێکردنى ویستەکانتان، بەڵام ئێمە دەمانەوێت پێگەی بپارێزین.” 

دڵخوازەكانتان