یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان لە ئاست بڕینی موچە و بودجە و قوتی هەرێمی کوردستان بێ دەنگی دەشکێنێت

یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان لە ئاست بڕینی موچە و بودجە و قوتی هەرێمی کوردستان بێ دەنگی دەشکێنێت ساڵی 2005 کاتێک گەلی کوردستان بە گوڕ وتینەوە چونە سەر سندوقەکانی دەنگدان و بە بەڵێ دەنگیان بە دەستوری هەمیشەیی عێڕاق دا بۆ ئەوە بوو کە وەک کیانێکی دەستوری و هەرێمێک لە چوارچێوەی یاسابەرکارەکاندا ئەرک و ماف و شایستە دارایی و ئیداریەکانی بەرجەستە بکرێت، بەڵام کاتێک قوت و موچە و بودجەی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەکرێتە کارتێکی فشار بۆ ململانێی سیاسیەکان و دروستکردنی مەترسی لەبەردەم قەوارەی هەرێمی کوردستاندا، ئەو ساتە تەم و مژاویانەمان بیر دێنێتەوە کە دەسەڵاتدارانی پێشووی عێراق بە ئەنفال و کیمیا باران و کوشتن و بڕین دەرهەق بە گەلەکەمان ئەنجامیان دەدا، دەستخستە بینە قاقای موچەخۆران و هاوڵاتیان ئەنفالی ئابوریە بەرامبەر بە میللەتەکەمان ئەنجام دەدرێت.

یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان بەردەوام لە بەرەی میللەتدا بووە و داوای سەقامگیری ئابوری و بازارێکی ئارامی کردووە، بۆیە لەم بارودۆخەدا بێ دەنگی دەشکێنێت و دژی هەر زوڵم و ستەمێک دەوەستێتەوە کە بەرامبەر میللەتەکەمان ئەنجام دەدرێت.

لێرەوە وەک یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین دەستور و یاسا بکەنە سەرمەشقی مامەڵە و پێکەوەیی و جێبەجێکردنی ڕێکەوتنە فەرمیە دوو قۆڵیەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێڕاق و چیدیکە ڕای تاکە کەسی و لێکدانەوەی هەڵە بۆ دەقە دەستوریەکان نەکرێت.

وەک هەمیشە ئەوە بە بیر حکومەتی عێڕاق دەهێنینەوە کە پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان سیمبول و دەسپێکی تێکشکاندنی ئەفسانەی داعش بوون، هەربۆیە بەو رۆحیەتە هاوبەشەوە پێویستە حکومەتی عێڕاق بە زوترین کات موچە و بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت و ئەو ڕۆژانەیان لە بەرچاوبێت کە گەلی کورد دوای 2003 کۆڵەکەی سەرەکی دروستکردنەوەی عێڕاقێکی نوێ و سیستمی حوکمڕانی بوون لەو وڵاتە، دوبەرەکی و ڕق و کینە لە بەرژەوەندی هیچ لایەکدا نیە و زیانمەندی یەکەم حکومەتی عێڕاقە و مێژوو گەواهیدەری ئەم ڕاستیەیە.

هەروەک داوا لە لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بن لە ئاست مافە نەتەوەیی و کۆدەنگی نیشتمانی بکەنە هۆکار بۆ تەبایی و یەکڕیزی، تا چیتر ڕێگە نەدرێت مافە دەستوریەکانمان پێشێلبکرێت. ژیانێکی شایستە و خۆشگوزەرانی ئاواتی هەموو لایەکمانە. یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان

13/9/2023

دڵخوازەكانتان