سەرۆكی حكوومەت پێشوازی لە شاندێکی دامەزراوەی دارایی نێودەوڵەتی دەكات
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە شاندێکی دامەزراوەی دارایی نێودەوڵەتی كرد و گفتوگۆیان لەبارەی چەند بابەتێكەوە كرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە 13/9/2023، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ڕێگەی پێگەی تایبەتیی خۆی، لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك)، ڕایگەیاندووە: “ئەمڕۆ پێشوازیمان لە شاندێکی دامەزراوەی دارایی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی بەڕێز خەواجە ئافتاب ئەحمەد، بەڕێوەبەری هەرێمیی دامەزراوەکە کرد.”
سەرۆكی حكوومەت ئاماژەی بەوەش داوە: “گفتوگۆمان لەبارەی پەرەپێدانی هەماهەنگیی و ئەنجامدانی کار و پڕۆژەی هاوبەش لە نێوان دامەزراوەی دارایی نێودەوڵەتیی کە ئەندامی بانکی نێودەوڵەتییە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد.”
مەسرور بارزانی باسی لەوەش كردووە: “پاشان بە چاودێریمان، ڕێککەوتننامەیەکی هاوکاری لەنێوان دامەزراوەی دارایی نێودەوڵەتی و دەستەی وەبەرهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کرا.”
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەروەها ڕوونی كردووەتەوە، ئەم ڕێککەوتنە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکە کە بۆ ماوەی چوار ساڵە و دەرفەتی ئەوە دەڕەخسێنێت وەبەرهێنانی کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان زیاد بکات، بە دیاریکراوییش لە کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و ناوچە ئابوورییە تایبەتەکان و وزەی نوێبووەوە.