حکوومەتی هەرێمی کوردستان: حکوومەتی عێراق پابەندی ڕێککەوتنەکان نەبووە

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان پابەندی ڕێكکەوتنەکان بووە، بەڵام حکوومەتی عێراق پابەندی ڕێککەوتنەکان نەبووە و سیاسەتی برسیکردنی خەڵکی کوردستان پەیڕەو دەکات.

ئەمڕۆ دووشەممە 04ـی 09ـی 2023 شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجام دا و لە بەشێکی کۆنگرەکەدا، پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لەدوای ئەو گفتوگۆ و هەوڵانەی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا، بەڵام بەغدا تەنیا بڕیاری ناردنی 500 ملیار دیناری داوە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، لە کاتێکدا بۆ دابەشکردنی مووچە پێویستمان بە زیاتر لە 940 ملیار دینارە.

ڕاشیگەیاند: ئێمە پابەندین بە ڕێککەوتنەکان، بەڵام حکوومەتی عێراق پابەندی ڕێککەوتنەکان نەبووە و پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە و مووچەی مووچەخۆران لەلایەن بەغداوە نەنێردراوە.

گوتەبێژی حکوومەت جەختیشی کردەوە کە ئەوەی حکوومەتی عێراق دەیکات برسیکردنی خەڵکی کوردستانە و دەستبردنە بۆ مافی خەڵکی هەرێمی کوردستان.

پاشان شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وردەکاریی گفتوگۆ و ڕێککەوتنەکانیان لەگەڵ بەغدا باس کرد و ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەکەدا گوتی: دەبووایە بەغدا مانگانە پشکی هەرێمی کوردستان بنێردرێ، بەڵام هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراق هەژمار ناکەن و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان خەرج ناکەن.

لای خۆیەوە د. ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژەی بەوە دا کە دابەشکردنی مووچە لە پێشینەی کارەکانی حکوومەت بووە، بەڵام حکوومەتی عێراق پشکی هەرێمی کوردستان نانێرێت و وەک پارێزگا مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکات.

سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران دووپاتی کردەوە کە لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ بەغدا بەردەوام دەبێت

دڵخوازەكانتان