یەک چیرۆکمان نیە تا یەک بین!

پ.د.نەزاکەت حسێن

مرۆڤ خاوەنی کۆمەڵێک دەسەڵاتە کە نەدراوە بە بونەوەرەکانی تر کە وای لێدەکات پێکەوە هەڵکات و پێکەوە بژین ئەگەر ئەم دەسەڵاتانە بەکاربهێنێت. ئەوەی لەم وتارەدا باسی دەکەین تەنها دوو دەسەڵات و تایبەتمەندیە، ئەوانیش توانای ‘بەرهەم هێنانی چیرۆک’ و ‘توانای هاریکاری’.
بەهێزترین زمانی هاوبەش لەنێوان مرۆڤەکاندا ئەو چیرۆکانەن کەبەرهەمی دێنن و هەموویان یان کۆمەڵێکیان باوەڕیان پێیەیەتی و لەسەری کۆکن، کە مرۆڤ تاکە بونەوەرە کەدەتوانێت جیرۆک بەرهەم بهێنێت و لەسەری کۆببنەوە ئەگەر چیرۆکەک خەیاڵیش بێت. کەکاتێکیش لەسەر چیرۆکێک کۆدەبنەوە ئەوکات دەتوانن هاریکاری یەکتر بن و پێکەوە بژین و پێکەوە کاربکەن بۆ یەک ئامانج. ئیتر پێویستیش ناکات هەمووکات ئەوانەی کۆدەبنەوە لەسەر ئەوچیرۆکانە یەکتر بناسن.
نموونە یاری تۆپی پێ کە لەیەک کاتدا هەموو جیهان هاوبەشی دەکات یاریزانەکانی زۆربەیان یەکتریش ناناسن، بەڵام یەک چیرۆکە لای هەموویان، تەنانەت زۆرجار لەگەڕەکێک منداڵەکانی گەڕەک یەکتریش نەناسن یان لە شارێک کە یەک دوانێک تۆپێک دێنن دەست بەیاری دەکەن، ئەوەندە دەزانیت منداڵەکانی تریش دێنە دەرەوە هاوبەشی دەکەن. پارە بەهەمان شێوە چیرۆکە، تەنها لەناو بونەوەرەکانیشدا مرۆڤ باوەڕی پێیەتی و هەموو مرۆڤیش لەسەر چیرۆکی پارە کۆکن، گوێنیەک دۆلار و سێوێک لەبەردەمی بەرازێک دانێ پەلاماری سێوەکە دەدات، چونکە چیرۆکی پارە لای ئەو نیە .
بەڵام مرۆڤەکە پارەکە هەڵدەبژیرێت، چونکە ئەو چیرۆکەی لایە بە کەمتر لەیەک دۆلار سێوێک دەکڕێت و پارەکەی تر شتی تری پێ دەکڕێت. چیرۆکی پارە و بەهادان بە پارە بەرهەمی مرۆڤە. واتە بەهای پارە چیرۆکێکە مرۆڤەکان داویانە پێی، ئەگینا پارچەیەک ئاسن یان کاغەزە، لەئێستاشدا نە کاغەزە نە ئاسنە کۆمەڵێک داتا و زانیاری و ژمارەیە لەنێوان کۆمپیەتەری بانقەکان دێت و دەڕوات، بەڵام چونکە چیرۆکێکە هەموو مرۆڤەکان لەسەری ڕێککەوتوون باوەڕیان پێیەتی، زمانی یەکتریش نەزانن مامەڵە بە پارەوە دەکەن لەنێوان یەکدا و لەیەکتر تێدەگەن و یەک بەهای هەیە لایان. ئاین چیرۆکە، نەتەوە چیرۆکە، نیشتمان چیرۆکە، مەزهەب چیرۆکە، هەموو ئەفسانەکان و خورافیاتەکان چیرۆکن کە مرۆڤەکان باوەڕیان پێیەتی و بەرهەمی دێنن، ئەو باوەڕە لەسەری کۆدەبنەوە و هاریکاری یەکتر دەکەن. ژیان چیرۆکێکە هەموو مرۆڤ باوەڕی پێیەتی، بۆئەوەی بژین هاریکاری یەکتر دەکەین، یەکێک قوماش بەرهەم دێنێت، یەکێک بەروبومی کشتوکاڵی، یەکێک ئامێر و کەلوپەلی پێداویستی، یەکێک خۆراک، لەسەرتاسەری جیهان هەموومان هاوبەشی بەرهەم هێنان و بەکارهێنانی ئەم بەرهەم و کەلوپەلانە دەکەین کە زۆربەشیان یەکتر ناناسن و پێکەوە بەردەوامی بەژیان دەدەن. هەر وڵات و نیشتمان و نەتەوەیەکیش ئەگەر چیرۆکێک بەرهەم نەهێنێت کە هەموان باوەڕیان پێی هەبێت یان زۆرینەی زۆریان ئاسان نیە بتوانن پێکەوە بژین. نموونەی ئەمە سەیری عێراق بکەین لەمێژوودا ئەو چیرۆکە هاوبەشە نەبووە لەنێوان دانیشتوانەکەی، بۆیە یان بەزۆری داپڵۆسین و دیکتاتۆریەت ماونەتەوە یان بەم شێوە پەرتەوازەی ئێستا هەیە. چونکە ئەوچیرۆکەی عەرەبی کۆکردووەتەوە کە بیری عەرەبایەتیە، جیایە لەوەی کوردی کۆکردوەتەوە، چیرۆکی شیعە جیایە لەچیرۆکی سوننە، چیرۆکی ئاشوری جیایە لە چیرۆکی کلدانی و ئێزیدی و کاکەیی. بەڵام هەرچۆن سەیری دەکەیت چیرۆکی عەرەبچیەتی هەرچۆنێک بێت بەرامبەر کورد و پێکهاتەکانی تر دەبینی ئیسلامی و چەپ و شیعەو سوننە و ئیخوان و سەلەفی و هەموویان کاتێک بەرامبەر کورد دەوەستن هەموویان دەخاتە سەبەتەیەکەوە کە عەربەچیەتیە.
بەڵام کورد بەداخەوە ئیسلامیەکانمان لەگەڵ گروپە ئیسلامیەکانی وڵاتانی ترن پێش ئەوەی لەگەڵ کورد خۆی بن. هەرگیز نەمانبینی سوننەکانی عێراق لەگەڵ کورد یان لەگەڵ برا کوردە خاوەن ئایدیا و مەزهەبەکانیان بن کاتێک زوڵمیان لێ دەکرێت، شیعەیەک کە دژی مەزهەبی خۆیانە و باوەڕیان پێی نیە کاتێک باسەکە دێتە سەرباسی کورد و عەرەب لەگەڵ ئەوان دەبن بەیەک نەک لەگەڵ کوردێکی سوننی.
بۆیە چیرۆکەکان جیاوازن. لەدوای ئازادبوونی عێراق کە ٣٠ ساڵێکە نەتوانرا چیرۆکێکی هاوبەش دروست بکرێت کە ئەمانە لەم وڵاتە پێکەوە بژین، ئەستەمە لەسەر یەک مەزهەب یان ئایدیا یان نەتەوە کۆببنەوە، بەڵام دەکرا لەسەر بیرێکی نیشتمانی کۆبکرانایەوە، ئەویش بە دەسەڵات و حکوومەتێکی نیشتمانی و ڕاگەیاندن و سیستمێکی پەروەردەی نیشتمانی دەکرا، بەڵام نە حکوومەتەکان کە یەک دوای یەک هاتن بەداخەوە نیشتمانی بوون نە ڕاگەیاندنێکی نیشتمانیمان بەرهەم هێنا، نەپەروەردەیەکی نیشتمانی. بۆیە تا ئەو چیرۆکە بەرهەم نەیەت کەهەمووان باوەڕیان پێی بێت، ژیان لەم وڵاتە خراپتر دەبێت باشتر نابێت .ئەو چیرۆکە هاوبەشەش بتوانرێت ئەم هەموو جیاوازیانەی لەسەر کۆبکرێتەوە چیرۆکی نیشتمانی و هاووڵاتی بوونە لەسەر ئاستی عێراق.
بەهەمان شێوە بۆ کوردستانیش .بەداخەوە لەناو کوردیش چیرۆکە هاوبەشەکە لای زۆرلایەن نەماوە کە پرسی نەتەوەیی و ڕزگاربوون لە ژێردەستەییە. ؛تا چیرۆکێک بەرهەم نەهێنین یان چیرۆکی نەتەوە نەکەینەوە چیرۆکە هاوبەشەکەی جاران ناتوانین بەسەر کۆسپەکان و دوژمناندا زاڵ بین.

دڵخوازەكانتان