سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پیرۆزبایی لە قوتابییە یەکەمەکانی کەرکووک دەکات

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامی پیرۆزبایی بۆ قوتابییە یەکەمەکانی خوێندنی کوردی لە کەرکووک دەنێرێت و وەزیری پەروەردەش پێی راگەیاندوون کە لەگەڵ یەکەمەکانی هەرێمی کوردستان خەڵات دەکرێن.

رۆژی هەینی (11ـی ئابی 2023)، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە نوێنەرایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە رێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە پیرۆزبایی جەنابیانمان گەیاندە قوتابییە یەکەمەکانی (یەکەم و دووەم و سێیەمی بەشەکانی زانستی و وێژەیی) خوێندنی کوردی لە کەرکووک.

ئالان حەمە سەعید ئاماژەی بەوەشکردووە، پیرۆزبایی لە هەموو دەرچووان دەکەین، بە هیوای ئەنجامی باشتر بۆ ئەو قوتابی و خوێندکارانەی لە خولی دووەم تاقیکردنەوە دەدەنەوە.

هاوکات بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە قوتابییە یەکەمەکانی کەرکووکی راگەیاندووە، چاوەڕێی راگەیاندنی ئەنجامی تاقیکردنەوە گشتییەکانی کەرکووک بوون، بۆیە خەڵاتی یەکەمەکانی هەرێمی کوردستانیش دواخراوە و ئەوانیش لەگەڵ یەکەمەکانی هەرێمی کوردستان خەڵات دەکرێن.

رۆژی هەینی (11ـی ئابی 2023) ئەنجامی کۆتایی خولی یەکەمی تاقیکردنەوە گشتییەکانی دواقۆناغی ئامادەیی لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی عێراقەوە راگەیەندرا.

لەسەر ئاستی خوێندنی کوردی لە کەرکووک لە بەشی زانستی هەریەکە لە سامان محەممەد رەزا، لە ئامادەیی رۆشنبیرانی کوڕان و سانا محەممەد ئەحمەد، لە دواناوەندی هۆزانی کچان توانیان بە کۆنمری 99.43 پلەی یەکەم بەدەستبهێنن.

هەروەها رۆژی (3ـی حوزەیرانی 2023)، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی بە گشت لقەکانییەوە راگەیاند و ناوی یەکەم و دووەم و سێیەمەکانی سەر ئاستی هەرێمی کوردستانیش ئاشکراکرد

دڵخوازەكانتان