جۆرێک شروبێكی منداڵان دەرکەوتووە مادەی ژەهراوی تێدایە

جۆرێک شروب بە ناوی Cold Out کە لە هیندستان بەرهەمهێنراوە، کۆمپانیایەکی ئەمریکی پشکنینی بۆ کردووە و دەرکەوتووە مادەی ژەهراوی تێدایە، بەرپرسێکی کوالێتی کۆنتڕۆڵی هەرێم دەڵێت، “بڕیارمانداوە لە دەرمانخانەکانی هەرێم شروبەکە کەرەنتین بکرێت”.

شروبی Cold Out لەلایەن کۆمپانیایەکی هیندی بەرهەمهێنراوە و بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی هەڵامەت بەکاردێت.

د.محەمەد خورشید وتەبێژی کوالێتی کۆنتڕۆڵ دەڵێت:” ئەو جۆرە دەرمانە بە شێوەیەکی فەرمی لەلایەن کۆمپانیایەک هاوردەی هەرێمی کوردستان کراوە، تا ئێستا ستیکەری وەزارەتی تەندروستی پێنەدراوە، کۆمپانیاکە پابەند کراوە، دەبێت ئەو دەرمانە کۆگا بکات لەناو کۆگاکانی، تا رێگەپێدانی پێدەدرێت، ئێستا کۆمپانیا دەستیکردووە بە گەڕاندنەوەی دەرمان لە دەرمانخانەکان”.

وتەبێژی کوالێتی کۆنترۆڵی دەرمان ئەوەشی وت، “تا ئێستا بە نووسراوی فەرمی لەلایەن رێکخراوی تەندروستی جیهانی و وەزارەتی تەندروستیی عێراقەوە هیچ نووسراوێکی فەرمیمان بەدەست نەگەیشتووە، بەڵام لیژنەمان بۆ پێکهێناوە و هێشتا دەرئەنجامی دەرنەچووە، بەم نزیکانە ئەنجامی پشکنینەکانی خۆمان بڵاودەکەینەوە”.

دەڵێت، داوا لە هاوڵاتیان دەکەین، ئەگەر ئەو دەرمانە لە ماڵەکانیان هەیە بەکاری نەهێنن، چونکە بەکارهێنانی دەبێتە هۆی رشانەوە و سکچوون و وەستانی گورچیلەکانی.

تا ئێستا نازانرێت ئەو دەرمانەی لە لە دەرمانخانەکانی کوردستان هەن، هەمان ئەو دەرمانەیە کە لە بەغدا وەرگیرا بوو بۆ لێکۆڵینەوە. ئەمە وتەبێژی کوالێتی کۆنتڕۆڵی دەرمان وای وت

کۆمپانیای بلومبێرگی ئەمریکی لە مانگی ئاداری ئەمساڵ شروبی کۆڵد ئایدی لە چەند دەرمانخانەیەکی بەغدا وەرگرتووە بۆ تاقیکردنەوە، دوای ئەوەی لە رێگەی تاقیگەی Valisure LLCی ئەمریکی پشکنینی بۆ کراوە، دەرکەوتووە رێژەی %2.1ی مادەی ئەسیلین گڵایکۆڵی تێدابووە، ئەو سەرچاوەیە دەڵیت، ئەم رێژەیە مەترسیدارە و دەبێتە هۆی ژەهراویبوونی منداڵ.
لێکۆڵینەوەکەی بلومبێرگ، دوای ئەوە هات ساڵی رابردوو بەو شروبە لە زامبیا 60 منداڵ و ئۆزبەکستان 20 منداڵی کوشتووە.

دڵخوازەكانتان