ئومێد سه‌باح: له‌مه‌ودوا داوای كۆی شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین

بڕیارە شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ گفتوگۆ کردن له‌باره‌ی بودجه‌ و شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان سەردانی بەغدا بکات، له‌مباره‌یه‌وه‌ دكتۆر ئومێد سه‌باح سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانی رایگه‌یاند، هه‌ردوو سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و ئیتیحادی له‌باره‌ی شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان گفتوگۆیان كردووه‌ و پێویستی به‌وه‌ كرد كه‌ تیمێكی باڵای هاوبه‌ش هه‌بێت، تاكو بڕیاری تاكه‌كه‌سی له‌باره‌ی بودجه‌و شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان نه‌درێت، له‌لایه‌ن هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ لیژنه‌یه‌كی تایبه‌تمه‌ند به‌ بڕیاری سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی پێكهێندرا.

ده‌شڵێت: ناكرێت ده‌قه‌كانی ناو بودجه‌ی گشتی عێراق‌، ته‌نیا بۆ راوێژی وه‌زاره‌ته‌كان جێبهێڵدرێت، هه‌ندێ بڕگه‌ و مادده‌ پێویستی به‌ بڕیاری سیاسی هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی تیمه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان‌ ده‌سه‌ڵاتی هه‌بێت.

ئومێد سه‌باح هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراقیش تیمێكی هاوشێوه‌ی هه‌رێمی كوردستانیان دروستكرد، سبه‌ی هه‌ردوو تیم له‌ نووسینگه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق له‌ به‌غدا كۆبوونه‌وه‌یان ده‌بێت و له‌وانه‌یه‌ به‌شێك له‌ كۆبوونه‌وه‌كان بهێنینه‌ هه‌رێمی كوردستانیش.

جه‌ختیشی له‌وه‌شكرده‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی له‌ ساڵی 2014 بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان بڕدرا، هه‌رێمی كوردستان یه‌كه‌م جاره‌ دووباره‌ تێكه‌ڵ به‌ بودجه‌ی گشتی عێراق‌ ده‌بێته‌وه‌‌، فایله‌كانمان بۆ گفتوگۆكردن ئاماده‌كردووه‌، له‌وانه‌ فایلی دارایی، نه‌وت و چاودێری دارایی‌.

ئومێد سه‌باح زیاتر روونیكردووه‌، كارمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ پشك و شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان مانگانه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ئاسایی و بڕی دیاریكراو بگات، له‌مه‌ودا ته‌نیا داوای موچه‌ له‌ به‌غدا ناكه‌ین، به‌ڵكو داوای كۆی شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین، له‌به‌رامبه‌ردا هه‌موو ئه‌و پابه‌ندییانه‌ی كه‌ له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستانه‌، جێبه‌جێی ده‌كه‌ین.

له‌باره‌ی دابه‌شكردنی موچه‌ی ئه‌م مانگه‌وه‌، ئومێد سه‌باح رایگه‌یاند، نووسراوێكی فه‌رمیمان ئاراسته‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران عێراق كردووه‌، كه‌ ده‌بوو موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم نێردرابا، هۆكاری نه‌ناردنی نازانین، سبه‌ی له‌ به‌غدا جارێكی دیكه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ ته‌رح ده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ ده‌بێت به‌ زووترین كات موچه‌ی مانگی شه‌ش ره‌وانه‌ بكه‌ن.

ئومێد سەباح راشیگەیاند، تیمێكی باڵا بۆ جێبه‌جێكردنی یاسای بودجه‌ لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی پێكهێنراوه‌، به‌هه‌مان شێوه‌یه‌ محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق تیمێكی باڵای له‌ حكومه‌ته‌كه‌ی پێكهێناوه‌.

لە 12/7/2023، حکومەتی هەرێمی کوردستان تانە لە ماددەکانی 2، 11، 12، 13ی بودجەی گشتی عێراق داوە، کە پەیوەستن بە ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان.

دڵخوازەكانتان