ڤێتێرنەری: 2.7 ملیار دینار بۆ رووبەڕووبوونەوەی تای خوێنبەربوون تەرخانکراوە

بەڕێوەبەری گشتیی ڤێتێرنەری و سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تائێستا نزیکەی 40 کەس لە هەرێمی کوردستان تووشی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون بوون. دەشڵێت حکومەت دوو ملیار و 700 ملیۆن دیناری بۆ کڕینی دەرمان تەرخانکردووە.

رابەر محەممەد سەلیم، بەڕێوەبەری گشتیی ڤێتێرنەری و سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، وتی “تائێستا لە هەرێمی کوردستان 40 تووشبووی تای خوێنبەربوومان هەبوون و 5 کەسیان گیانیان لەدەستداوە؛ بەشێک لەوانەی تووش بوون، چارەسەرکراون و نێردراونەتەوە ماڵەوە”.

هۆکاری تای خوێنبەربوون گەنەیە، کە مێروویەکی مشەخۆرە و دەبێتە هۆی تووشبوونی ئاژەڵ، بەڵام ئاژەڵەکە هیچ نیشانەیەکی تووشبوونی تێدا دەرناکەوێت، مرۆڤ بەهۆی بەرکەوتنی بە خوێنی پیسبووی ئاژەڵەکەوە تووشی تای خوێنبەربوون دەبێت.

بەڕێوەبەری گشتیی ڤێتێرنەری و سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی كشتوکاڵی هەرێمی کوردستان گوتیشی “هەموو هەوڵێکمان داوە لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتی و هۆبەکانی خۆمانەوە لەسەر ئاستی شار و شارۆچکەکان ئەو دەرمانەی هەمانن، بەکاریان بهێنین بۆ ئەو شوێنانەی ئاژەڵیان لێیە”.

رابەر محەممەد ئاماژەی بەوەدا ئێستا لیژنەیەکی باڵایان هەیە لە وەزارەتی ناوخۆ و کشتوکاڵ و تەندروستی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو نەخۆشییە و لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە نزیکەی دوو ملیار و 700 ملیۆن دینار بۆ کڕینی دەرمان تەرخانکراوە، تاوەکو بەزوویی دەرمان دابینبکرێت بۆ هەموو هەرێمی کوردستان.

سەبارەت بە دەستکەوتنی ئەو دەرمانانەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی تای خوێنبەربوون پێویستن، بەڕێوەبەری گشتیی ڤێتێرنەریی هەرێمی کوردستان گوتی، “ئەو بڕە دەرمانەی پێویستمانە لەبازاڕدا نییە تاوەکو راستەوخۆ بیکڕین. ئێستا کۆمپانیایەک دەرمانەکانی دابینکردووە و بۆ زۆربەی شوێنەکان نێردراوە، ئەوەش لەسەر بنچینەی لەپێشێتی و مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە لە ناوچەکان، تائێستا دەرمانمان بۆ سلێمانی نەناردووە، چونکە تووشبوو نەبوون، (6ـی 7ـی 2023 تەندروستیی سلێمانی رایگەیاند یەکەم تووشبووی تای خوێنبەربوون لە پارێزگاکە تۆمار کرا) بەڵام لە چەند رۆژی داهاتوو دەرمانی قڕکەر بۆ سنووری سلێمانی دەنێرین”.

دڵخوازەكانتان