دەستەی مافی مرۆڤ ئیدانەی دەستگیرکردنی مامۆستایەکی زانکۆ لە سلێمانی دەکات

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان ئیدانەی شێوازی دەستگیرکردنی مامۆستایەکی زانکۆ دەکات لەلایەن هێزێکی ئەمنی سلێمانی و رایگەیاندووە، بیانووی دەستگیرکردنەکەشی ئەوەبووە گوایە ناوبراو وێنەی کاروانی ئۆتومبیلی هێزێکی ئەمنی گرتووە.

لە راگەیەندراوێکدا، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ئاماژەی بەوەکردووە، رۆژی پێنجشەممە (6ـی تەمموزی 2023)، هێزێکی ئەمنی لە شاری سلێمانی لەسەر شەقام هاووڵاتییەکی سڤیل دەستگیر دەکەن بەناوی دکتۆر ئالان فەریدوون کە پیشەی مامۆستای زانکۆیە و پێشتر سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بووە و دواتر ئازادی دەکەن و بیانووی دەستگیرکردنەکەشی ئەوەبووە گوایە ناوبراو وێنەی کاروانی ئۆتومبێلی هێزێکی ئەمنی گرتووە.

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت لە دەستگیرکردنی ئەو مامۆستای زانکۆیە و رایگەیاندووە، “ئیدانەی شێوازی دەستگیرکردنەکەی دەکەین و لامان وایە دەچێتە چوارچێوەی رفاندن چونکە بەبێ فەرمانی دادوەر و رێکاری یاسایی بووە، لای خۆمانەوە پشتگیری تەواوی رێکاری یاسایی دەکەین بەرامبەر هەر کەسێک کە لەسەر دۆسیەیەک داواکراو بێت، و پێویستە بەگوێرەی فەرمانی دادوەر مامەڵە لەگەڵ داواکراو بکرێت، نەوەک شێوازی هەڕەمەکی دەستگیرکردن و بردنی بۆ شوێن وبارەگای سەربازی، چونکە ئەو جۆرە دەستگیرکردنە جێگەی پرسیارە و گومان دروستدەکات”.

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان روونیکردووەتەوە، ئەو کردەوەیە پرسیار دەخاتە سەر سەروەری یاسا و دەبێتە هۆی دروستبوونی ترس و دڵەڕاوکێ لای هاووڵاتییان و پێچەوانەی تەواوی بنەماکانی مافی مرۆڤە، لە ئاستی نێودەوڵەتیش باش نابێت بۆ هەرێمی کوردستان و ناوبانگی هێزە ئەمنییەکان، بۆیە دووبارە بونەوەی ئەو حاڵەتانەش خزمەت بە پڕۆسەی دیموکراتی و رەوشی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان ناکات و نیگەرانی هەموو لایەکی لێکەوتووەتەوە.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، “ئێمە لە نزیکەوە چاودێری ئەو کەیسەمان کردووە و پێویستە هەرچی زووە ئەو هێزە ئەمنییەی بەو کارە هەڵساوە روونکردنەوە بۆ رای گشتی بدات و دۆسیەکەش بەپێی رێکارە یاساییەکان یەکلابکرێتەوە.

دڵخوازەكانتان