وێستگەیەکی گەورەی گواستنەوەی کارەبا لە کەلار دادەمەزرێت

وه‌زاره‌تی كاره‌بای حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند: وێستگەیەکی گەورەی گواستنەوەی کارەبا لە کەلار دادەمەزرێت.
له‌ راگه‌یاندراوێكدا، وه‌زاره‌تی كاره‌با بڵاویكرده‌وه‌، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 11 ى 8 ى 2022، کەمال محه‌مه‌د ساڵح وەزیری كارەبا گرێبەستێکی بە بەهای زیاتر لە 18ملیار دینار بۆ دامەزراندنی وێستگەیەکی گەورەی گواستنەوەی كارەبا لە كەلار لەگەڵ کۆمپانیای جنە فیردۆس واژوو كرد.
وه‌زاره‌تی كاره‌با ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، وێستگەکە، کێشەی گواستنەوە و دابەشكردنی كارەبا و گرفتی ئۆڤەرلۆد لە تەواویی ناوچەی كەلار چارەسەر دەکات.
وه‌زاره‌ت كاره‌با ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ ڕوو كه‌ هه‌ر له‌میانی واژووكردنی گرێبه‌سته‌كه‌دا، وەزیری کارەبا ئاماژەی بە گرنگیی جێبەجێکردنی پرۆژەکە کرد وتی: ئێمە هەموومان قەرزاری گەرمیانین و  بەخۆشحاڵییەوە لەم کابینەیەدا بەسەرکەوتوویی چەندین پڕۆژەمان جێبەجێ کردووە، گرنگترینیان وێستگەی بەرهەمهێنانی 165مێگاوات کارەبا لە کەلار بوو.
گوتیشی، ئەم پڕۆژەیەش وەکو هەموو پڕۆژەکانمان لەکاتی خۆیدا لە کەلار تەواوی دەکەین و ڕۆڵێکی باشی بۆ گواستنەوەی کارەبا و چارەسەرکردنی کێشەی ڤۆڵتییە و ئۆڤەرلۆد دەبێت.

دڵخوازەكانتان