پارتی پێشنیازێک بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان دەخاتەڕوو

پارتی دیموکراتی کوردستان پێشنیازێک بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە شێوازی “رێژەیی تێکەڵە” پێشکەش دەکات، بە گوێرەی پێشنیازەکە 50 کورسی پەرلەمان بە لیستی داخراو و یەک بازنەیی هەڵبژێردرێن و 50 کورسییەکەی دیکەش بە شێوەی لیستی کراوە و فرەبازنەیی هەڵبژێردرێن.

هاوار محەمەد، بەرپرسی بەشی یاسایی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی بە کوردستان24ی راگەیاند: “پێشنیازەکەی پارتی چارەسەرێکی گونجاوە بۆ هەردوو خواستی سیستمی هەڵبژاردنی فرەبازنەیی و یەک بازنەیی، ناوەڕۆکی پێشنیازەکە بریتییە لە دوو شێواز، یەکەمیان 50 کورسی کە دەکاتە %50 کورسی پەرلەمانی بەشێوازی یەک بازنەیی نیشتمانی بێت. شێوازی دووەم فرەبازنەیی بێت لەسەر ئاستی پارێزگاکان دابەش بکرێت کە %50ی کورسییەکان لە خۆدەگرێت”.

راشیگەیاند: “رەنگە شرۆڤەی جیاجیا بۆ ئەو پێشنیازەی پارتی بکرێت، دەگوترێت ئەو سیستمە پێشتر بە کار نەهاتووە، بەڵام ئەو جۆرە سیستمە سیستمی رێژەیی تێکەڵە کە بە (M.M.P) ناسراوە و لە زۆر وڵاتان پەیڕەو کراوە”.

سەبارەت بە پێکهاتەکان گوتی: “پارتی هەمیشە بۆچوونی وایە دەبێ پێکهاتەکان خۆیان بڕیار بدەن، داواکاری ئەوان ئێستا ئەوەیە کە هەڵبژاردن یەک بازنەیی نیشتمانی بێت و لە هەموو شوێنێک بتوانن دەنگ بە کاندیدەکانیان بدەین، هەروەها بەشێوازی لیستی داخراو بێت، بۆ ئەوەی خەڵکی دیار و شایستە بنێردرێتە پەرلەمان، ئەمەش داوای زۆربەی لایەنەکانە”.

بەرپرسی بەشی یاسایی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی ئاماژەی بەوەشدا: “چاوەڕێین لە کۆبوونەوەی داهاتووی لایەنە سیاسییەکان بە سەرپەرشتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بڕیار لە وادەی و شێوازی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بدرێت، دەبێ لایەنەکان تا ئەو وادەیە کە 3ی ئەیلوول بۆ کۆبوونەوە دیار کراوە خۆیان یەکلا بکەنەوە”.

سه‌رچاوه‌/kurdistan24

دڵخوازەكانتان