لە هەولێر لایەنە سیاسییەکانی کەرکووک لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆ دەبنەوە.
لەسەر بانگهێشتی پارتی دیموکراتی کوردستان، كە داوای لە لایەنەکان لە کەرکووک کردووە ئەمڕۆ سێشەممە 27/6/2023, بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کۆ ببنەوە، لەو بانگهێشتەدا 10 لایەنی سیاسی وەڵامیان داوەتە، کە ئەمڕۆ بەشداریی کۆبوونەوەکە دەکەن، تەنیا کۆمەڵی دادگەری و بزووتنەوەی گۆڕان بەشداریی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ ناکەن.
کۆبوونەوەکە لە بارەگای ئەنجوومەنى سەرکردایەتيی کەرکووک – گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر دەبێت.
ئەم هەوڵانەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە کەرکووک بۆ ئەوەیە، کورد زۆرینەی کورسییەکانی کەرکووک بەدەست بهێنێت و لە ڕێگەیەوە پارێزگاری کەرکووک بۆ کورد بێت، بەم ڕێگەیەش ناسنامەی کوردستانیبوونی کەرکووک دەچەسپێنرێت و ڕێگریش لە تەعریب و داگیرکاریی کەرکووک دەكرێت.