نێچیرڤان بارزانی و شاندێکی سەربازی بەریتانیا کۆبوونەوە

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 2023/6/15 نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ شاندێكى باڵاى سه‌ربازيى به‌ريتانى به‌ سه‌رۆكايه‌تيى مارشاڵ سامى سامپسۆن گه‌وره‌ راوێژكارى به‌رگريى به‌ريتانى له‌ رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و باكوورى ئافريقا كرد كه‌ له‌ ژماره‌يه‌ك له‌ پله‌داران و به‌رپرسانى باڵاى سه‌ربازيى به‌ريتانى پێكهاتبوو.

ماڵپەڕی فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا كه‌ خاتوو رۆژى كه‌يڤ كونسوڵى گشتيى به‌ريتانيا له‌ هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوو، دۆخى ئه‌منيى عێراق و هه‌رێمى كورستان و چاكسازييه‌كانى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و هاريكاريى هاوبه‌شى ئه‌منى تاوتوێ كران.

هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ گرنگيى سه‌رخستنى پرۆسه‌ى ڕێكخستنه‌وه‌ و يه‌كخستنى پێشمه‌رگه و چاكسازييه‌كانى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ كرده‌وه‌، ئاماژه‌يان به‌وه‌دا كه‌ ده‌بێ پرۆسه‌كه‌ به‌شێوه‌يه‌كى كاراتر به‌ڕێوه‌بچێت. له‌مباره‌يه‌وه‌ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، سوپاس و پێزانينى پێشكه‌ش به‌ به‌ريتانيا و وڵاتانى ديكه‌ى دۆست كرد بۆ پشتگيرى و هاوكارييان له‌ پرۆسه‌كه‌.

لاى خۆيانه‌وه‌ شاندى ميوان دووپاتيان كرده‌وه‌ كه‌ به‌ريتانيا به‌ بايه‌خه‌وه‌ له‌ ئارامى و سه‌قامگيريى ئه‌منيى عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانێت و له‌ پێشكه‌شكردنى هاوكارى و پشتگيريى ئه‌منى بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيريى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و سه‌رخستنى پرۆسه‌ى چاكسازى و يه‌كخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌، به‌رده‌وام ده‌بێت.

دڵخوازەكانتان