تووشبوون بە هەوکردنی پەردەی مێشک لە سلێمانی و هەڵەبجە کەمبووەتەوە

بەرپرسانی تەندروستی لە سلێمانی و هەڵەبجە دەڵێن، تووشبوون بە نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشک کەمبووەتەوە؛ تاوەکو ئەمڕۆ لە سلێمانی 350 منداڵ و لە هەڵەبجە 233 منداڵ تووشی نەخۆشییەکە بوون و زۆرینەیان دوای وەرگرتنی چارەسەر نەخۆشخانەیان جێهێشتووە.

نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشک لە نێوەڕاستی نیسانی ئەمساڵەوە لە هەڵەبجە و دواتر لە سلێمانی و چەند ناوچەیەکی دیکە بڵاوبوویەوە. رۆژی چوارشەممە 14ـی حوزەیرانی 2023، دکتۆر پشدەر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی وتی ، “لە چەند رۆژی رابردوودا بۆ دوو رۆژ تووشبوون بە هەوکردنی پەردەی مێشک بەرزبووەوە، بەڵام ئێستا بەگشتی بەرەو کەمبوونەوە دەڕوات و دۆخەکە باشترە.”

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکەوە لە نەخۆشخانەکەیان 350 منداڵی تووشبوو بە هەوکردنی پەردەی مێشک تۆمارکراون.

نەخۆشانی هەوکردنی پەردەی مێشک دوو جۆرن؛ هەندێکیان ڤایرۆسین و هەندێکیشیان بەکتریایی؛ پسپۆڕانی تەندروستی دەڵێن، ئەو نەخۆشییانەی ڤایرۆسین بە پێدانی چارەسەر و بەگوێرەی کات چارەسەر دەبن، بەڵام هەندێک لە نەخۆشییە بەکتریاییەکان بەتایبەت بەکتریای (Streptococcus) قورسترن و کاریگەری لەسەر نەخۆش جێدەهێڵن؛ دکتۆر پشدەر عەبدوڵڵا دەڵێ، ئەو منداڵانەی لە سلێمانی تووشی نەخۆشییەکە بوون “زۆرینەیان” ڤایرۆسین.

5ـی ئەم مانگە جارێکی دیکە تووشبوون بە هەوکردنی پەردەی مێشک لە هەڵەبجە بەرزبووەوە، بە جۆرێک رۆژانە 5 بۆ 7 منداڵ تووش دەبوون و 39 منداڵیش خەوێندرابوون.

دکتۆر ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری تەندروستیی هەڵەبجە دەڵێت هەوکردنی پەردەی مێشک بەراورد بە هەفتەی رابردوو کەمیکردووە و دوێنێ 25 نەخۆش لە نەخۆشخانە خەوێندراون.

بەڕێوەبەری تەندروستی هەڵەبجە ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو ئێستا 233 منداڵ لە سنوورەکەیان تووشبوون و خەوێندراون و دوای چارەسەر زۆرینەیان رەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە و 25 نەخۆش لە نەخۆشخانەدا لەژێر چاودێریی پزیشکیدان.

هەوکردنی پەردەی مێشک بریتییە لە هەوکردنی پەردەی دەوری مێشک و دڕکه پەتک. پزیشکانی پسپۆڕ دەڵێن، هۆکارەکان لەوانەیە بەکتریا، ڤایرۆس، شێرپەنجە و دەرمان بن.

لەبارەی نیشانەکانی نەخۆشییەکەوە کە بەگوێرەی تەمەن جیاوازە، دکتۆر پشدەر عەبدوڵڵا ئەم زانیارییانە خوارەوە دەخاتەڕوو:

– شیرخواردنی کەم دەبێتەوە، ئەگەر منداڵەکە بچووک بوو

– دەڕشێتەوە

– تای بەرزی دەبێت

– تووشی گەشکە دەبێت

– بێهێز دەبێت و شەکرەی خوێنی دادەبەزێت

– سەرئێشە

بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە پێویستە ئاو لە پشتی منداڵەکە دەربهێنرێت و پزیشکان رێنوێنی دایکان و باوکان دەکەن کە بۆ ئاو دەرهێنان لە پشتی منداڵەکانیان هاوکاریی پزیشکەکان بکەن، چونکە “زۆر ئاسانە و هیچ کێشەیەک بۆ منداڵەکە دروست ناکات.”

دڵخوازەكانتان