ڕاگەیەنراوی مەکتەبی سیاسیی پارتی لەبارەی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی تەواوی تموحاتی ئێمە لە بوودجەدا نەهاتووە، بەڵام لەپێناو دەستكردنەوەی حكوومەت بۆ بابەتی مووچە و بەردەوامی وەبەرهێنان و بەردەوام نەبوونی كێشەكان بڕیارمان دا رەئی بە پەسەندكردنی بوودجە بدرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 11ـی 06ـی 2023 مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: پارتیمان لە ڕوانگەی هەستكردن بە بەرپرسیاریەتی بەرامبەر بە ژیان و بژێوی هاووڵاتییانی كوردستان هەوڵی زۆری دا كە ماددە و بڕگەكانی یاسای بودجەی ساڵی 2023ـی عێراقی فیدراڵ بەگوێرەی ئیستحقاقاتی دەستووری و ڕێكکەوتنی ئیدارەی دەوڵەت بۆ پێكهێنانی كابینە و ڕێكکەوتنی حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدراڵ بێت و شایستە داراییەكان بۆ حكوومەتی هەرێم دابین بكرێت.
ڕاشیگەیاند: لەلایەكی دیكەوە زۆر بەجدی هەوڵی دا ئەو پیلانەی کە بەشێوەیەکی ڕێکخراو لە ئارادا بوون بۆ دەستوەردان لە سەروەری هەرێمی کوردستان و بچووككردنەوە و لێكترازانی قەوارەی هەرێم و كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی كە لە دەستووردا جێگیر كراون، پووچەڵ بكاتەوە.
لە ڕاگەیەنراوەکە ئاماژەی بەوەش داوە کە سەرەڕای ئەوەی تەواوی تموحاتی ئێمە لە بوودجەدا نەهاتووە، چونكە دەبوو ئەو دەقەی بوودجە كە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ بڕیاری لێدرابوو دەستكاری نەكرابووایە، بەڵام لەپێناو دەستكردنەوەی حكوومەت بۆ بابەتی مووچە و بەردەوامی وەبەرهێنان و بەردەوام نەبوونی كێشەكان بڕیارمان دا ڕەئی بە پەسەندكردنی بودجە بدرێت.
مەکتەبی سیاسیی پارتی لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکە لێرەدا جێی خۆیەتی سوپاسی هەڤاڵانی فراكسیۆنی پارتیمان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و کوتلەی وەزاری پارتیمان لە حكوومەتی فیدراڵ بكەین كە بەوپەڕی دڵسۆزی و ماندوونەناسانە ڕۆڵی خۆیان بینیوە و داوای سەركەوتنیان بۆ دەكەین.