لێبوردنی نێودەوڵەتی هۆشداری دەداتە لوبنان لەسەر گیانلەدەستدانی زیندانیان

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای لە دەسەڵاتدارانی لوبنان کرد کە “بەپەلە تەندروستی زیندانیان لە پێشینەی ئەولەویەت دابنێن” لە کاتێکدا ژمارەی گیانلەدەستدان بە بە بەراورد بە ساڵی 2018 دوو هێندە زیادی کردووە.

ئەو ئامارانەی وەزارەتی ناوخۆ کە لەگەڵ رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی هاوبەشی کردووە، دەریدەخات رێژەی مردن لە ساڵی 2015 ، 14 حاڵەت و لە ساڵی 2018 ، 18 حاڵەت و  لە 2022 بۆ 34 حاڵەت بەرزبووەتەوە، دەسەڵاتداران تێکچوونی تەندروستی زیندانییەکانیان بۆ ئەو قەیرانە ئابوورییە گەڕاندووەتەوە کە لە ساڵی 2019ەوە توشی لوبنان بووە.

رێکخراوەکە پێیوابوو کە دەبێت دەسەڵاتی دادوەری لێکۆڵینەوەی خێرا و بێلایەن و کاریگەر ئەنجام بدات لەسەر هەموو حاڵەتەکانی مردن لە زینداندا بۆ ئەوەی دەستنیشانی بکات، تا چەند هەڵسوکەوتی نادروست یان کەمتەرخەمی کارمەندانی زیندانەکان هۆکار بووە، لە روودانی ئەم مردنانە،

رێکخراوەکە لە راپۆرتێکدا کە رۆژی چوارشەممە بڵاوکرایەوە رایگەیاندووە: زۆربوونی گیانلەدەستدان هۆشدارییە بۆ دەسەڵاتدارانی لوبنان، بۆ ئەوەی هاوکاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکەن بۆ باشترکردنی بارودۆخی زیندانەکان، لەنێویاندا چاودێری تەندروستی.

قەرەباڵغی زیندانەکانی لوبنان لەم ساڵانەی دواییدا زیادی کردووە، ئێستا بە رێژەی لەسەدا 323 توانای خۆی تێپەڕاندووە و نزیکەی لەسەدا 80ی دەستگیرکراوەکان لە راگرتنن بەبێ دادگایی کردن، لە هەمان کاتدا ئەو سەرچاوانەی کە پێویستن بۆ دابینکردنی چاودێری تەندروستی بە شێوەیەکی بەرچاو کەمکراونەتەوە، ئەمەش لەبەر دابەزینی بەهای دراو و بەرزبوونەوەی هەڵاوسان.

بەهای راستەقینەی بودجەی وەزارەتی ناوخۆ کە بۆ دابینکردنی چاودێری تەندروستی بۆ زیندانییەکان لە ساڵی 2019دا 7.3 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان کراوە، هەروەها لە ساڵی 2022دا، ئەم بڕە بۆ 628 هەزار دۆلار کەمیکردووە.

ئایا مەجزوب، جێگری بەڕێوەبەری ناوچەیی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا گوتی: زیادبوونی بەرچاوی گیانلەدەستدان لە دەستبەسەرکردندا دەبێت بانگەوازێکی بەئاگابوونەوە بێت بۆ حکومەتی لوبنان کە زیندانەکانی لوبنان پێویستیان بە چاکسازییەکی بەپەلە و بەرفراوان هەیە.

ئاماژەی بەوەشکرد، قەیرانی ئابووری بیانوویەک نییە کە لەلایەن بەرپرسانی زیندانەکانەوە بەبازاڕ بکرێت بۆ ئەوەی زیندانییەکان دەستیان بە دەرمان بگات، یان تێچووی خەواندن لە نەخۆشخانە بخەنە سەر شانی بنەماڵەی زیندانییەکان، یان دواخستنی گواستنەوەی زیندانییەکان بۆ نەخۆشخانەکان.

 دەشڵێت: دەسەڵاتی دادوەری دەبێت لێکۆڵینەوەیەکی خێرا و بێلایەنانە لە هەموو حاڵەتەکانی مردن لە زینداندا ئەنجام بدات و هەر شکست و کەمتەرخەمییەک لەلایەن دەسەڵاتەوە چارەسەر بکرێت، لەوانەش بەپێی پێویست بە دادگاییکردنی بەرپرسیارەکان.

دڵخوازەكانتان