ئەمریكا.. هیوا خوازین هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەست پێ بكاتەوە

باڵوێزی ئەمریكا لە عێراق رای گەیاند، وڵاتەكەی هیواخوازە ”بەم زوانە“ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەست پێ بكاتەوە.

لە میانی گفتوگۆیەكی لەگەڵ ژمارەیەك ڕۆژنامەنووس لە سلێمانی، ئالینا رۆمانەوسكی، باڵوێزی ئەمریكا لە عێراق ئاشكرای كرد، سەردانەكەی بۆ هەرێمی كوردستان و كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوە بووە كە لەسەر زاری هەردوو لایەنی كێشەكەوە، باشتر لە بابەتەكە تێبگەن، تاوەكوو ئەوەش بزانن كە ئەمریكا چۆن دەتوانێت پشتگیریی گفتوگۆكان بێت.

ڕوونیشی كردۆتەوە، جگە لە سەردانەكەی خۆی بۆ هەرێمی كوردستان، لە ماوەی ڕابردوودا بەرپرسی كاروباری وزەی ئەمریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان گرنگیی ئەم پرسە دەردەخات.

لەبارەی ئەوەی كەی گفتوگۆكان كۆتایی دێت؟ باڵوێزی ئەمریكا باسی لەوە كردووە كە نازانن گفتوگۆكانی پەیوەندیدار بە دۆسیەی نەوتی هەرێمی كوردستان كەی كۆتاییان دێت، بەڵام ”بە دڵنیاییەوە هیوادارین هه‌نارده‌كردنی نه‌وت به‌م زوانه‌ ده‌ست پێ بكاته‌‌وه‌.“

ئەمە لە كاتێكدایە كە چەند مانگێكە هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لەسەر داوای حكوومەتی عێراق وەستێندراوە، هەرچەندە لە ماوەی رابردوودا ڕێككەوتنێكیش لە نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدرال بۆ دووبارە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان كراوە، بەڵام هێشتا هەناردەكردنی نەوت دەستی پێ نەكردووەتەوە.

دڵخوازەكانتان