بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر وردەكاری گیان لە دەسدانی گەنجێك ئاشكرا دەكات

بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر، وردەكاریی كۆچی دوایی ئەو گەنجە ئاشكرا دەكات كە لە بنكەیەكی ئاسایشی هەولێر گیانی لەدەست دا و ڕایدەگەیەنێت كە ئەوان بەلایانەوە ئاساییە لێژنەی لێكۆڵینەوە لە سلێمانی یان لە بەغداشەوە بۆ لێكۆڵینەوە لەو كەیسە بهێنرێت.

یەكێتی لە ڕێی میدیاكانی خۆیەوە، دەیەوێ كەیسی گیانلەدەستدانی گەنجێك بە ناوی (زیرەك عەلی) لەنێو بنكەی ئاسایشی سەیداوا بە لاڕێدا ببات و لەم چوارچێوەیەشدا بەرپرسی مەڵبەندی سێی یەكێتی لە هەولێر، بەبێ ئەوەی هیچ پەیوەندییەكی خزمایەتیی ڕاستەوخۆی بە گەنجەكەوە هەبێت و هیچ بەڵگەیەكیشی هەبێت لە دژی ئاسایشی هەولێر، بانگەشەی تۆماركردنی سكاڵا دەكات.

لە بەرامبەردا بارزان قەساب، بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر راگەیاند: ”ئەو كەیسە دوێنێ بووە، ئەو كوڕە وا دیارە لە ماوەی رابردوو چووەتە سەر خەڵك و كێشەی هەبووە، داوا كراوە بێتە بنكەی ئاسایش تاوەكوو بزانرێت كێشەكەی چییە؟ لە كاتی لێكۆڵینەوەدا باری تەندروستیی تێكچووە، یەكسەر رەوانەی نەخۆشخانە كراوە، بەڵام گیانی لەدەست داوە. دواتر رەوانەی پزیشكی دادوەری كراوە.“

ڕوونیشی كردەوە كە پاش ئەوەی كەسوكاری گەنجە كۆچكردووەكە داوایان كردووە لێژنەیەكی پزیشكی لە سلێمانییەوە بێت و لێكۆڵینەوە لە بابەتەكە بكات، ”ئێمەش ڕێگەمان پێ داون و لێژنەكە ئەمڕۆ هاتوون، چاوەڕێین راپۆرتی خۆیان بخەنە ڕوو. دواتر ئێمەش بەیاننامەمان دەبێت.“

بارزان قەساب جەختی كردەوە: ”ئەو كەسە نەك ئەشكەنجە نەدراوە، قسەیەكی ڕەقیشی لەگەڵدا نەكراوە، ئێمە بە تەواوی ڕەچاوی بنەماكانی مافی مرۆڤ و یاسا و پرەنسیپە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكانی پەیوەندیدار بە ڕێزگرتن لە مافەكانی مرۆڤ دەكەین. كەسی كۆچكردوو لەنێو بنكەی ئاسایش تەنانەت پەیوەندیی تەلەفۆنیی بە مامیشیەوە كردووە. هیچ كارێكی نایاسایی بەرامبەر نەكراوە، بەڵگەش ئەوەیە كە ئێمە لە چركەی یەكەم رادەستی پزیشكی دادوەریمان كردووە، پێشمان گوتوون ئاساییە لێژنەی پزیشكی لە سلێمانی بێت، تەنانەت ئاساییە ئەگەر لە بەغداش بێت، بە بەڵگەی ڤیدیۆیی هەموو شتێكمان لایە.“

بارزان قەساب گوتی: ”یەكێتی ئەگەر بیەوێ هەرچیەكی خۆی بەم بابەتە پەردەپۆش بكات ئەوا بێ سوودە، بەڵام ئێمە كاری نایاسایی لە كەس قبووڵ ناكەین. ئەگەر یەكێتی چاوی لەوە بێت كادیرانی لە هەولێر بە پاساوی بابەتی حزبایەتییەوە كێشە بۆ خەڵك دروست بكەن، لێیان قبووڵ ناكرێت. بەدەر لەوە، كادیرانی یەكێتی لە هەولێر و خەڵك و كادیرانیان بە تەواوی ئازادن و كەس ڕۆژێك نەچووەتە سەر ڕێیان. لەبارەی سكاڵاكەشیان، ئاساییە یەكێتی سكاڵا لە دژی ئاسایش تۆمار بكات، دادگا هەیە و باشترین شتیشە، چونكە بابەتەكە زیاتر روون دەبێتەوە.“

لە كۆتاییشدا جەختی كردەوە: ”ئەگەر یەكێتی بیانەوێت كارە تیرۆریستییەكانیان لە ڕێگەی ئەم جۆرە فشارەوە پەردەپۆش بكەن، ئەوا ڕێگەیان پێنادرێت. ئەگەر ئەوان بیانەوێ بیكەنە فشار لەسەر ئاسایشی هەولێر، ئەوا زۆر ئاساییە و ئێمەش پێمان خۆشە دادگا سەروەر بێت.“

دڵخوازەكانتان