لەسێدارەدان لە ئێران سێ هێندە زیادیکردووە

رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی (ئەمنێستی ئینتەرناشناڵ) باس لەوە دەکات کە ژمارەی ئەو کەسانەی ئەمساڵ لە ئێران بە تۆمەتی پەیوەست بە مادەی هۆشبەرەوە لەسێدارەدراون بەراورد بە ساڵی رابردوو، سێ هێندە زیادیکردووە؛ لە پێنج مانگ یەکەمی ئەمساڵدا 307 کەس لە ئێران لەسێدارەدراون و ئەمنێستیش دەڵێت ژمارەکە “جێگەی شەرمەزارییە”. 

گرووپەکانی مافی مرۆڤ باس لەوە دەکەن کە ئێران لە سەرەتای ئەمساڵدا تا کۆتایی مانگی ئایار، لانیکەم 307 کەسی لەسێدارە داوە؛ لە ساڵی 2015ەوە زۆرترین ژمارەی لەسێدارەدان لەسەر ئاستی مانگانە لە ئایاری ئەمساڵدا تۆمارکراون. 

رۆژی هەینی، 2ـی حوزەیرانی 2023، دایانا تەهاوی، جێگری بەڕێوەبەری رێکخراوی ئەمنێستی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە راگەیێندراوێکدا گوتی: “ئەو ژمارەیەی لەسێدارەدان کە دەسەڵاتدارانی ئێران بە تۆمەتەکانی پەیوەست بە مادەی هۆشبەر جێبەجێی دەکەن، پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و ئەوە دەردەخات کە دەسەڵاتدارانی ئێران رێز لە مافەکانی مرۆڤ ناگرن و مافی ژیانکردنیان لێدەسەننەوە.” 

تەهاوی گوتیشی: “دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دڵنیابێتەوە لەوەی کە تۆمەتەکانی پەیوەست بە بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان نەبنە هۆی کوشتنی خەڵک و پێشێلکردنی مافەکانی دیکەی خەڵکی لە ئێران.” 

ئەوە لەکاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممە، 1ـی حوزەیرانی 2023، رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێرانی کە بارەگاکەی لە نەرویجە، رایگەیاند کە لە پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵ، لانیکەم 307 کەس لە ئێران لەسێدارەدراون و ژمارەکە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو 75٪ زیادیکردووە. 

تەنیا لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا، لانیکەم 142 کەس لە ئێران لەسێدارە دراون کە دەکاتە رۆژانە زیاتر لە چوار کەس و بەگوێرەی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە ساڵی 2015ەوە ئەو ژمارە زۆرەی خەڵک لەماوەی مانگێکدا لە ئێران لەسێدارە نەدراون. 

رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ئاماژە بەوەش دەکات، 59٪ـی ئەو کەسانەی ئەمساڵ لە ئێران لەسێدارە دراون، کە دەکاتە 180 کەس تۆمەتی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەریان دراوەتە پاڵ.

لە 20٪ـی ئەوانەشی کە لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا لەسێدارە دراون کە دەکاتە 30 کەس، لە نەتەوەی بەلووچ بوون. 

دڵخوازەكانتان