جوتیار عادل: هەڵوێست و سیاسەتی حکومەتی هەرێم بەرگریکردنە لە مافە رەواکانی خەڵکی کوردستان

 گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند” لە هەموو گفتوگۆکانمان لەگەڵ حکومەتی عێراق، داوای ئێمە ئەوە بووە پاشەکەوتی مووچە هەمووی بەسەریەکەوە بۆ فەرمانبەران بگەڕێندرێتەوە، نەک بکرێتە ساڵانە و رێژەی بۆ دیاری بکرێت، بەداخەوە هەندێک لایەن و گرووپ بەشێوەیەکی تر باسی ئەو بابەتە دەکەن و بۆ موزایەدە و بەلاڕێدا بردنی رای گشتی بەکاری دێنن.

جوتیار عادل گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی گۆڕانکارییەکانی پشکی هەرێم لە بودجە و دەستبردن بۆ مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان گوتی: “ئەو گۆڕانکارییەی کە لە لیژنەی دارایی لە پشکی هەرێمی کوردستان کراوە، پێچەوانەی دەستوورە، لە هەمانکاتدا پێچەوانەی ئەو رێککەوتنەیە کە لەنێوان هەردوولادا کراوە”.

جوتیار عادل، ئاماژەی بەوەشدا: “بە سیاسیی کردن و بە لاڕێدابردنی ئەو بابەتە لە قازانجی هیچ لایەکماندا نییە، بەداخەوە هەرکاتێک کەشێکی ئەرێنی لەنێوان هەردوولا بێتە ئاراوە هەندێک گرووپ و لایەن دەیانەوێت تێکیبدەن، بەڵام ئەگەر ئیرادەی بەهێز لەلایەن هەردوو حکومەت هەبێت دەتوانن ئەو گرفتانە تێپەڕێنن، پێویستە لایەنە ساسییەکانیش هاوکاربن، چونکە ئەو رێککەوتنە گوازشت لە لایەنێک ناکات بەڵکو لە دوو حکومەت دەکات”.

دەشڵێت: “ئێمە وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان سوورین لەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتنمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، جەخت لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە و ئەو پرەنسیپانە دەکەینەوە کە حکومەتی عێراقی لەسەر پێکهێنرا”.

لەبارەی پاشەکەوتی مووچە، گوتەبێژی حکومەت، گوتی: “بابەتی قەرەبووکردنەوەی ئەو هەموو مووچەی کە پێشتر حکومەتی عێراق بۆ هەرێمی کوردستانی نەناردووە و بودجەی بڕیوە، لە ماددەی 13ی پڕۆژەیاسای بودجە هەیە باسی قەرەبووکردنەوەی هەموو ئەو ئیستحقاقانە دەکات کە لەسەر حکومەتی عێراقە، بەشێکی پاشەکەوتی مووچەیە و داوای ئێمە ئەوە بووە هەمووی بەسەریەکەوە بۆ فەرمانبەران بگەڕێندرێتەوە، نەک بکرێتە ساڵانە و رێژەی بۆ دیاری بکرێت، بەداخەوە بەشێوەیەکی تر باسی ئەو بابەتە دەکرێت، شاندی حکومەتی هەرێم لە بەغدا بەردەوام لە گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەتی عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەو مافە بۆ فەرمانبەران بگێڕدرێتەوە، بەداخەوە ئەو بابەتە بۆ هەندێک موزایەدەی سیاسی و بەلاڕێدابردنی رای گشتی بەکاردەهێنرێت”.

جوتیار عادل، جەختیکردەوە: “هەڵوێست و سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کورستان روونە کە بەرگریکردنە لە مافە رەواکانی خەڵکی کوردستان و سازش لەسەر مافە دەستوورییەکان ناکەین”.

دڵخوازەكانتان