تەنیا لە ماوەی سێ رۆژ زیاتر لە 10 هەزار تۆن گەنمی جووتیاران لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان وەرگیراوە. 

بەرێوەبەری سایلۆی هەولێر دەڵێت: “رۆژانە نزیکەی 1,500 تۆن گەنم لە جووتیاران وەردەگرین.” بەڕێوەبەری سایلۆی دهۆکیش دەڵێت: “لە رێگەی سێ سایلۆوە گەنمی جووتیاران وەردەگرین.” لە سلێمانیش تائێستا 3,600 تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە.

لە سایلۆی هەولێر 3,500 تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە

رۆژی سێشەممە، 30-05-2023 سەعید عومەر، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: “لە 27ـی ئایارەوە دەست بە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران کراوە، تاوەکو دوێنێ 3,500 تۆن گەنمی جووتیاران وەرگیراوە.”

رۆژانە سایلۆی هەولێر، 1,500 تۆن گەنم لە جووتیاران وەردەگرێت. سەعید عومەر دەڵێت: “پێشبینی دەکەین بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ بگاتە 250 بۆ 300 هەزار تۆن، بەڵام بەغدا تائێستا تەنیا 115 تۆن گەنمی بۆ دیاریکردووین.”

رۆژی دووشەممە، 29ـی ئایار، شاندێکی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بەشدارییان لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق کرد، دوای کۆبوونەوە بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: “بەغدا بڕیاری داوە هەموو گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت.”

بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر، لەبارەی وەرگرتنی هەموو گەنمی جووتیاران گوتی: “ئەوانەی باسکران تەنیا قسە بوون هێشتا نەبوونەتە بڕیار، دوێنێ پەیوەندیمان بە بەغداوە کرد پێیان راگەیاندین، تەنیا ئەو بڕە گەنمە لە جووتیاران وەربگرن، کە بۆتان دیاریکراوە، تاوەکو ئەو کاتەی بڕیاری لەبارەوە دەدرێت.”

لە پارێزگای سلێمانی 3,600 تۆن گەنم وەرگیراوە

کامەران وریا، بەڕێوەبەری سایلۆی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە 27ـی مانگەوە دەستیان بە وەرگرتنی گەنم کردووە، بەڵام لە سەیدسادق، هەڵەبجە و ئەو سنوورانە گەنم وەرنەگیراوە، چونکە جووتیاران رازی نین بەو بڕە گەنمەی بۆیان دیاریکراوە و دەیانەویت هەموو گەنمەکانیان وەربگیرێت.

بەڕێوەبەری سایلۆی سلێمانی پێشبینی دەکات بەرهەم گەنمی سلێمانی بە هەڵەبجە و گەرمیانیشەوە بگاتە 450 هەزار بۆ 500 هەزار تۆن، بەڵام بەغدا تەنیا 160 هەزار تۆنی بۆ دیاریکردووین و هیچ بڕیارێکی فەرمی نەگەیشتووە لەبارەی وەرگرتنی هەموو گەنمی جووتیاران بۆیە تائێستا 3600 تۆن گەنمان وەرگرتووە.”

لە پارێزگای دهۆک لە رێگەی سێ سایلۆوە گەنمی جووتیاران وەردەگیرێت

نازم محەممەد، بەڕێوەبەری بازرگانیی دانەوێڵەی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: “تائێستا لە سایلۆی فایدە 2,625 تۆن، شێخان 2,135 تۆن و لە سایلۆی زاخۆ 221 تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە، کە دەکاتە 4,981 تۆن گەنم. رۆژانە لە رێگەی ئەو سێ سایلۆیەوە گەنمی جووتیاران وەردەگیرێت.”

بەڕێوەبەری بازرگانیی دانەوێڵەی دهۆک پێشبینی دەکات بەرهەمی ئەمساڵی جووتیارانی پارێزگاکەیان بگاتە 385 هەزار تۆن گەنم، بەڵام بەغدا تەنیا 100 هەزار تۆنی دیاریکردووە. لەبارەی وەرگرتنی هەموو گەنمی جووتیارانیش هیچمان بەدەست نەگەیشتووە و چاوەڕوانی بڕیاری فەرمیی بەغداین.”

ئەمساڵ هەر تۆنێک گەنم بە 850 هەزار دینار لە جووتیاران وەردەگیرێت. بەڕێوەبەری بازرگانیی دانەوێڵەی دهۆک گوتی: “هەموو رۆژێک کە گەنمی جووتیاران وەردەگرین، بەش بەش چەکەکانیانیش بۆ ئامادە دەکەین و رۆژانە پارەکانیان دەدرێتێ.”

ساڵی رابردوو لە پارێزگای هەولێر 117 هەزار و 773 تۆن، لە سلێمانی 136 هەزار و 500 تۆن گەنم و لە دهۆک 52 هەزار و 195 تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیرا.

دڵخوازەكانتان