گومرگەکانی هەرێم: سەدا 85ـی داهاتی دەروازەکان دەگەڕێتەوە گەنجینەکانی حکوومەتی هەرێم

بەڕێوەبەری گشتیی گومرگەکانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، لە کابینەی نۆیەم چاکسازی باش لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێم کراوە. ئاماژە بەوەش دەدات، دەروازە سنوورییەکانی هەرێم بە شێوەیەکی باشتر لە دەروازە سنوورییەکانی عێراق بەڕێوەدەبرێن.

ئەمڕۆ دووشەممە، چالاکی بڵاوکردنەوەی راپۆرتی (کێشەی دەروازە سنوورییەکان لێکەوتەی لەسەر ئابووری و داهاتی هەرێمی کوردستان) لە چوارچێوەی پڕۆژەی بەهێزکردنی لێپرسینەوە و سەروەری یاسا بە هاوکاری دامەزراوەی NEDی ئەمەریکی لە شاری هەولێر ئەنجامدرا.

لەمیانی چالاکییەکەدا، ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگەکانی هەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکەشکرد. لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەگوتەی ساماڵ عەبدولڕەحمان، چاکسازی باش لە دەروازە سنوورییەکان کراوە، لەوانە “سیستەمی بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکانمان کردووەتە ئەلیکترۆنی. ئەو سیستەمە وایکرد دەستێوەردانی فەرمانبەران لەناو سیستەمەکە سفر بکرێتەوە، بەخێرایی ئیشوکارەکان بکرێن و هەڵە و کەموکورتییەکان کەمبکرێنەوە”.

بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی گومرگەکانی هەرێمی کوردستان، سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بە سیستەمی ئەلیکترۆنی ئیش و کارەکانیان بەڕێدەکەن، لە کاتێکدا دەروازە سنوورییەکانی عێراق، بە کاری دەستی ئیش و کارەکانیان دەکەن.

وەکو ئەوەی ساماڵ عەبدولڕەحمان باسی دەکات، “داهاتی دەروازەکانی هەرێمی کوردستان لە داهاتی هەموو دەروازەکانی عێراق زیاترە. ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی دەروازەکانمان چەندین جار باشتر لە دەروازەکانی عێراق بەڕێوەدەبرێن.”

لەبارەی بوونی گەندەڵیش لە دەروازە سنوورییەکان و نەگەڕاندنەوەی داهاتەکەیان بۆ گەنجینەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگەکانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە دا، “بەرپرسانی حکوومەتی عێراق خۆیان دەڵێن، تەنها سەدا 10ـی داهاتی دەروازەکان دەگەڕێتەوە گەنجینەکانی حکوومەت، بەڵام لای ئێمە ئەگەر بەراوردی بکەین لەگەڵ هەموو ئەو گەندەڵییانەی باسدەکرێن، سەدا 85ـی داهاتی دەروازەکان دەگەڕێتەوە گەنجینەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان”.

ساماڵ عەبدولڕەحمان ئەنجامدانی چاکسازی لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و دامودەزگاکانی دیکە بە “کارێکی قورس” ناوبرد و دەڵێت، “دەبێت هەموو لایەکمان هاوکاربین لەگەڵ یەکدی بۆ ئەوەی چاکسازی لە هەموو کەرتێکدا بکرێت. بەرپەچدانەوەی گەندەڵی پێویستی بە بڕیاری قورس و بەرنامەیەکی پتەوە.”

بەڕێوەبەری گشتیی گومرگەکانی هەرێمی کوردستان لەبارەی بوونی دەروازەی نافەرمی لە هەرێم، رایگەیاند، “زۆر جار لە راگەیەندنەکاندا و لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەگوترێت هەرێمی کوردستان، دەروازەی نافەرمی هەیە. ئێمە دەروازەی نافەرمیمان نییە. شەش دەروازەی فەرمی بازرگانیمان هەبوو و بە کردنەوەی دەروازەی زێت، بوون بە حەوت دەروازە و لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەڕێوەدەبرێن.”

بەڕێوەبەری گشتیی گومرگەکانی هەرێمی کوردستان روونیشیکردەوە، “دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 1992ـەوە تا وەکو ساڵی 2003 شادەماری یەکەمی داهاتی هەرێمی کوردستان بوون. ئەو داهاتەی لە دەروازە و گومرگەکان پەیدا کراوە، دەتوانم بڵێم، مووچەی پێ دابەشدەکرا و کاری دیکەشی پێدەکرا. دوای ساڵی 2003 ئەو دەروازانە توانیویانە خۆیان لە پلەی دووەم بهێڵنەوە و داهاتی دووەمی شادەماری هەرێمی کوردتسان لە ئەستۆ بگرن.”

دڵخوازەكانتان