وەزیری دارایی: دەستکاریی پڕۆژەیاسای بودجە کراوە بۆئەوەی هەر کات ویستیان بودجەی هەرێمی کوردستان ببڕن

وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دوو بڕگە لە پڕۆژەیاسای بودجە لە لایەن لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقەوە زیادکراوە کە رێگە بە حکومەتی عێراق دەدات هەرکات ویستی راستەوخۆ بودجەی هەرێمی کوردستان ببڕێت. گوتیشی، بەهۆی ناچارکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دانەوەی قەرزەکانی بانکی تی بی ئای بە پێنج ساڵ و دانەوەی پاشەکەوتی مووچەی مانگانە، نزیکە 180 ملیار دینار دەکەوێتە ئەستۆی حکومەت و لە بودجەش هیچی زیادەی بۆ دابین نەکراوە.

لەبارەی دوایین گۆڕانکارییەکان لە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق تایبەت بە پشکی هەرێمی کوردستان، رۆژی یەکشەممە، 28ـی ئایاری 2023، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، رێكکەوتن لەسەر بودجە ئەنجامی رێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا بووە تاوەکو ئەو کاتەی یاسای نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق دەردەچێت.

ئاوات شێخ جەناب گوتی، “ئێمە پابەندین بەو رێککەوتنەی لە بەغدا لەنێوان مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق واژۆ کراوە و جیا لەوە هەر دەستکارییەکی پڕۆژەیاسای بودجە کرابێت بەبێ ئەوەی راوێژ لەگەڵ ئێمە بکرێ، بە پێچەوانەی یاسا و دەستوور کراوە”.

مینێک دانراوە بۆ تێکدانی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا”

بە گوتەی وەزیری دارایی، بڕیارێکی دادگەی فیدراڵیی عێراق بە ژمارە 35 هەیە و تێیدا رێگری دەکات کە پەرلەمان دەستکاری ئەو بڕگانەی تایبەت بە بودجە بکات کە لە حکومەتەوە بۆی دەنێردرێت. گوتیشی، “لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق مافی هەیە دەستکاری ژمارەکان بکات و شوێنی بڕگە و مادەکان بگۆڕێت، بەڵام مافی زیادکردن یان لابردنی بڕگەی نییە”.

وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان دەستکاریکردنی مادەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی بە “نادەستووری” ناوبرد و گوتی، ئەوەی کراوە دانانی مینە بۆ تێکدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.

ئاوات شێخ جەناب ئاماژەی بەوەکرد، دەستکاریی مادەکانی 13 و 14ـی پڕۆژەیاسای بودجەکراوە و روونیکردەوە، “لە خاڵی (ا) لە بڕگەی دووەم لە مادەی 13 گۆڕانێکیان کردووە لەبارەی نەوتەوە کە پێچەوانەی رێککەوتنەکانی هەولێر و بەغدایە”.

وەزیری دارایی، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقی بەوە تۆمەتبارکرد کە دەستکاریی وشەکانی نێو مادەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی کردووە بە جۆرێک “مافی ئێمەی لە خاوەندارێتی و سامانە سروشتییەکان وەرگرتووەتەوە؛ بەگوێرەی مادەکانی 110 و 111ـی دەستووری عێراق، ئەو مافە پارێزراوە بۆ گەل؛ لە مادەی 112 پێناسەی گەل کراوە و دەڵێت: هەرێم و پارێزگاکانە، لەو مادەیەدا روونە کە ئەو مافەی ئێمە پێشێلکراوە”.

یەکێکی دیکە لە گۆڕانکارییەکانی پڕۆژەیاسای بودجە لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کە نیگەرانیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لێکەوتووتەوە، چاودێریکردنی پڕۆسەی نەوتە؛ ئاوات شێخ جەناب دەڵێت، لەگەڵ بەغدا رێککەوتنی پێشوویان بەشێوەیەکە کە دیوانی چاودێریی دارایی عێراقی و هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکەی جیهانی چاودێری، چاودێریی پڕۆسەی نەوتی هەرێمی کوردستان بکەن، بەڵام دەستکاریی مادەکە کراوە و ئەوەی بۆ زیادکراوە کە دوای ئەوانەش دەبێ لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە وردبینی بۆ بکرێت.

دڵخوازەكانتان