عارف روشدی: ئەمە پیلانێكی دڵڕەشانەیە نەك دانەوەی پاشەكەوت  

راوێژکارێکی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، ئەوەی دەنگی لەسەردراوە لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقدا لە بارەی پشکی هەرێمی کوردستانەوە، پیلانی لایەنە تایفییەکانە دژە بە هەرێمی کوردستان بە پاڵپشتی دوو ئەندامی بەناو کورد.

عارف روشدی، راوێژکاری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژەی بەوەکرد، ئەگەر بڕیارەکانی لیژنەی دارایی سەبارەت بە ماددەی 13 و 14، پێش دەنگدان و پەسندکردنی لەناو هۆڵی پەرلەمان چارەسەرنەکرێت، هەرێمی کوردستان رووبەرووی تەنگەژەی قوڵی ئابووری و سیاسی دەکاتەوە.

هەروەها راشیگەیاند، “ئەم کارەیان یارییەکی دڵڕەشانەی بە ئەنقەستی مەبەستدارە بە قوتی خەڵکی کورستان، نەک وەک هەندێ هەرزەکاری نالەبار پڕوپاگەندەی بۆ دەکەن گوایە پاشەکەوت دەدرێتەوە”.

عارف روشدی باسی لەوەشکرد، لە بنەرەتدا رێژەی بەشی تەرخانکراوی هەرێم لە بودجەدا رەچاوی دانیشتوانەکەی نەکراوە، تەنانەت بەپێی داتاکانی وەزارەتی پلان دانانی عێراقی پێویست بوو پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا %14 بێت، بەڵکو کەمکراوەتەوە بۆ %12.67. هەروەها جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، هۆکاری پاشەکەوتکردنی مووچە، بەهۆی راگرتنی بودجەی هەرێمی کوردستانەوە بووە لەلایەن بەغدا.

عارف روشدی ئاماژەی بەوەشدا، بەهۆی ئەو بڕیارانە و جێبەجێنەکردنی رێککەوتنە سیاسییەکان، نەک گەڕانەوەی پاشەکەوت، بەڵکو کێشەی گەورە بۆ پێدانی مووچە و جێبەجێکردنی پڕوژە خزمەتگوزارییەکان لە هەرێمی کوردستان دروستدەبێت.

جەختی لەوەکردەوە، “مەبەستی لایەنە دەنگدەرەکان لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، راگرتنی رەورەوەی ژیانە لە هەرێمی کوردستان بەڵام ئەوەی جێگەی داخە هەڵوێستی نانیشتمانی دوو ئەندامە بە ناو کوردەکەیە”.

دڵخوازەكانتان