دادگای فیدراڵی یەکلاکردنەوەی بڕیارەکەی لەبارەی تۆمارکردنەوەی بەربژێرانی سەرکۆماری دواخست

دادگای فیدراڵیی عێراق یەکلاکردنەوەی بڕیاردان لەبارەی تۆمارکردنەوەی ناوی بەربژێرانی پۆستی سەرکۆماری دواخست.

ئەمڕۆ چوارشەممە 23-2-2022، دادگای باڵای فیدراڵی دانیشتنێکی بۆ بڕیاردان لەبارەی سکاڵای پەرلەمانتارێک لە دژی تۆمارکردنەوەی بەربژێرانی پۆستی سەرکۆماری عێراق، ساز کرد.

دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاری دواخستنی بڕیاردان لەبارەی ئەو کەیسەی بۆ رۆژی 1-3-2022 دا.

رۆژی سێشەممە 8-2-2022، محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ماوەی سێ رۆژی بۆ خۆتۆمارکردنەوەی بەربژێران بۆ پۆستی سەرکۆماری عێراق دیاری کردەوە.

دوای تۆمارکردنەوەی بەربژێرەکان، باسم خەشان، پەرلەمانتاری عێراقی لە دادگای باڵای فیدراڵی سکاڵای دژی بڕیارەکەی محەمەد حەلبوسی تۆمار کردووە.

باسم خەشان پێیوایە بڕیارەکە سەرپێچیی هەردوو ماددەی (59/ دووەم) و (72 دووەم/ باء)ـی دەستووری هەمیشەیی عێراق و ماددەی 2ـی یاسای خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستی سەرکۆماری عێراقە.

بڕیار بوو رۆژی دووشەممە 7-2-2022، پەرلەمانی عێراق دووەم کۆبوونەوەی ئەم خولە (خولی پێنجەم)ی خۆی ساز بکات و سەرکۆماری نوێ هەڵبژێرێت، بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی رێژەی یاسایی، کۆبوونەوەکە نەکرا.

رۆژی سێشەممە 22-2-2022، پەرلەمانی عێراق ناوی بەربژێرانی پۆستی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراقی بڵاوکردەوە کە لە جاری دووەمدا ناوی خۆیان تۆمار کردبوو.

دڵخوازەكانتان