لەكاركەوتنی نیوەی فڕۆكەكانی هێڵی ئاسمانیی عێراق راگەیاندرا

دەستەی نەزاهەی فیدرالیی عێراقی ئاشكرای كرد، نیوەی فڕۆكەكانی هێڵی ئاسمانیی عێراق لەكار كەوتوون و چاككردنەوەیان زیاتر لە 170 ملیۆن دۆلاری تێدەچێت. 

ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی ئایاری 2023، دەستەی نەزاهەی عێراقی راپۆرتێكی لەبارەی دۆخی كۆمپانیای گشتیی هێڵی ئاسمانیی عێراقی بڵاو كردەوە و تێیدا ئاشكرای كرد، كۆمپانیاكە سێ گرێبەستی ناپێویستی لەگەڵ كۆمپانیا بیانی و ناوخۆییەكان كردووە، یەكەمیان ڕێگە دەدات كۆمپانیایەك كاڵاكانی خۆی لەسەر فڕۆكەكانی بفرۆشێت،

دووەمیان خزمەتگوزاریی باری ئاسمانی بۆ خستنەگەڕی گەشتەكان دابین دەكات كە ڕێژەی قازانجی كۆمپانیاكە 74%یە و هێڵی ئاسمانیی عێراق تەنیا 26% قازانج دەكات، بەم هۆیەشەوە لە ماوەی رابردوودا قازانجی كۆمپانیاكەی كەرتی تایبەت 2 ملیار و 200 ملیۆن دینار بووە، كەچی قازانجی هێڵی ئاسمانیی عێراقی 750 ملیۆن دینارە. ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە ئەو كۆمپانیایەی گرێبەستەكەی لەگەڵدا كراوە تەنیا پێنج باری دەرمانی بۆ وەزارەتی تەندروستی هێناوە لە سەردەمی پەتای كۆرۆنا. هەروەها سێیەمین گرێبەستیش لەگەڵ كۆمپانیایەكی توركییە بۆ دابینكردنی خزمەتگوزاریی فڕۆكەوانیی تایبەت و فریاكەوتنی ئاسمانی بۆ كەسایەتییە (VIP)یەكان.

هاوپێچ لەگەڵ راپۆرتەكەی دەستەی نەزاهەی عێراقی، ئینفۆگرافیكێكی بڵاو كردۆتەوە و تێیدا ئاشكرای كردووە، كۆمپانیای گشتیی هێڵی ئاسمانیی عێراقی 365 ملیار دینار قەرزارە، تەنیا سووی سەر قەرزەكانی گەیشتۆتە 67 ملیۆن دۆلارە. 

ڕوونیشی كردۆتەوە، كۆمپانیاكە 170 ملیۆن دۆلاری پێویستە بۆ چاككردنەوەی فڕۆكە لەكاركەوتووەكانی، چونكە 18 فڕۆكە لە كۆی 35 فڕۆكەی هێڵی ئاسمانیی عێراق كە زیاتر لە نیوەی فڕۆكەكانی كۆمپانیاكەیە، لەكار كەوتوون، لە كاتێكدا فڕۆكەكانی هێڵەكە لە حەوت جۆر و قەبارەی جیاواز پێكهاتوون.

لە بەشێكی دیكەی راپۆرتەكەدا ئەوە ئاشكرا كراوە كە هێڵی ئاسمانیی عێراقی 4149 فەرمانبەری هەیە، ئەمەش دوو هێندەی پێویستیی كۆمپانیاكەیە. 

لە راپۆرتەكەیدا دەستەی نەزاهەی عێراقی داوای كردووە، كۆمپانیاكە گرێبەستی سوودبەخش ببەستێت و واز لەو گرێبەستانە بهێنێت كە سوود بە كۆمپانیاكان دەگەیەنن و لە زەرەری هێڵەكەدان. هاوكات داواشی كردووە كۆمپانیا حكوومییە عێراقییەكە بچێتە پاڵ ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی بواری فڕۆكەوانی و بەپێی نرخە جیهانییەكان، نرخی سووتەمەنی و چاككردنەوەی فڕۆكە دیاری بكات. 

هەر لەو راپۆرتەدا دەستەكە ئاشكرای كردووە كە فڕۆكەكانی هێڵی ئاسمانیی عێراقی بەردەوام لە كاتی دیاریكراوی گەشتەكانی خۆیان دوادەكەون، جگە لەوەی خشتەی گەشتەكان لە بەشی بازرگانی درەنگ بڵاو دەكرێنەوە، جگە لەوەی لە ساڵی 2020ەوە قەرەبووكردنەوەی ئەو جانتایانە راگیراوە كە لە ئەنجامی گەشتەكاندا زەرەریان پێ دەگات، ئەمەش كاریگەرییەكی خراپی لەسەر ناوبانگی كۆمپانیاكە دەبێت. 

دڵخوازەكانتان