وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوانی وەزارەتەکەی بۆ سەرخستنی کارەکانی پڕۆژەی ‘هەژماری من’ دووپات دەکاتەوە و دەڵێت، “فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم سوودمەندی سەرەکی سیستەمەکە دەبن”.
رۆژی سێشەممە 23ـی ئایاری 2023، ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە تیمی سەرپەرشتیی پڕۆژەی ‘هەژماری من’ لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کرد
بەتەواوبوونی پڕۆژەکە “کەرتی بانکی لە هەرێمی کوردستان گۆڕانکاری تێدا دەكرێت
لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری دارایی و ئابووری هەموو پشتیوانیەکی خۆی و بەڕێوبەرایەتییە گشتییەکانی وەزارەتی دارایی بۆ دەستپێشخەرییەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی تایبەت بە پڕۆژەی ‘هەژماری من’ دووپاتکردەوە و رایگەیاند، بە تەواوبوونی پڕۆژەکە “کەرتی بانکی لە هەرێمی کوردستان گۆڕانکاری و پێشکەوتنی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت و فەرمانبەران و مووچەخۆرانیش سوودمەندی سەرەکی سیستەمەکە دەبن و چەندین خزمەتگوزاری و کارئاسانیان بۆ دەستەبەر دەکرێت”.
گرنگترین پرۆژەیە
ئەم پڕۆژەیە یەکێکە لە گرنگترین پڕۆژەکانی کابینەی نۆیەم، کە بە هەماهەنگی راستەوخۆ لە نێوان نووسینگەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت.
بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی و ئابووری، لە کۆبوونەوەکەدا تیمی پڕۆژەکە، کە عەزیز ئەحمەد، جێگری بەرپرسی نووسینگەی سەرۆکوەزیران سەرپەرشتیی دەکات، ئاماژەی بەوەکردووە، لە ماوەی حەوت مانگی رابردوودا پڕۆژەی ‘هەژماری من’ هەنگاوی یەکەم و قۆناغی تاقیکردنەوەی بەسەرکەوتویی بڕیوە و توانراوە هەژماری بانکی بۆ 841 فەرمانبەری نەخۆشخانەی منداڵبوون و ئافرەتانی هەولێر بکرێتەوە و لە ئێستادا لە ڕێگەی سیستەمی ئەلیکترۆنییەوە مووچەکانیان پێ دەدرێت.
ئەوەش خراوەتەڕوو، پڕۆژەکە ماوەی دوو ساڵ دەخایەنێت و سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کە ژمارەیان زیاتر لە یەک ملیۆن و 200 هەزار مووچەخۆرە، دەبنە خاوەنی هەژمای بانکی تایبەت بەخۆیان.