سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ شاندێکی شاری ناشڤیل کۆبووەوە

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ جۆن کووپەر، شارەداری شاری ناشڤیلی ئەمەریکا و شاندێکی یاوەری کۆبووەوە و پێکەوە تاوتوێی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایان کرد.

ئەمڕۆ سێشەممە 23ـی ئایاری 2023، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جۆن کووپەر، شارەداری شاری ناشڤیلی ئەمەریکا و شاندێکی یاوەری کرد کە لە ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی شارەکە و سەرۆک و ئەندامانی بۆردی دەستەخوشکی شاری ناشڤیل پێکهاتبوو.

لەو دیدارەدا، گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەتایبەتی هەولێر و ناشڤیل کرا، بەتایبەتی لە بواری کولتووری و خوێندن، کە لە ماوەیەکی نزیکدا دەبن بە دوو شاری دەستەخوشک، هەروەها رۆڵی ئەرێنی رەوەندی کوردستانی نیشتەجێی شاری ناشڤیل بەرز نرخێنرا .

ئاماژە بەوەشدرا، شاندی شاری ناشڤیل، خۆشحاڵی خۆیان بەسەردانی هەرێمی کوردستان دەربڕی و ئامادەیی خۆیان بۆ ئەنجامدانی چەندین پڕۆژەی هاوبەش لەگەڵ شاری هەولێر دووپات کردەوە.

دڵخوازەكانتان