مەسرور بارزانی پێشوازیی لە شازادە دەچێس سۆفی، ئەندامی بنەماڵەی پادشایەتیی بەریتانیا کرد

ئەمڕۆ سێشەممە 23/5/2023 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک ڕایگەیاند: ئەمڕۆ پێشوازیم لە خانمی شازادە دەچێس سۆفی، هاوسەری میر ئیدواردی دوکی ئەد نبەرەی برای خاوەنشکۆ شا چارلسی شای بەریتانیا کرد.

 سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەشڵێت: لە کۆبوونەوەکەدا کە بەڕێزان باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، ئاماژەمان بە پەیوەندیی دۆستانە و تایبەتی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا دا و سوپاسی بەردەوامیی هاریکاریی بەریتانیامان لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە ڕووبەڕوونەوەی تیرۆر کرد.

ئاماژەی بەوەش داوە: خاتوو سۆفی دەچێسی ئەدنبەرە، کورتەیەکی دەربارەی کار و چالاکییەکانی و ئامانجی سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان خستە ڕوو کە برەودانە بە پاراستنی مافەکانی ئافرەتان و منداڵان و نەهێشتنی توندوتیژی بەرامبەریان، بەتایبەتی لەو ناوچانەی دووچاری شەڕ و نائارامی بوونەتەوە، لەوانە ئافرەتان و منداڵانی ئێزیدیی قوربانیانی دەستی تیرۆریستانی داعش. لەم بارەیەوە جەختمان لە پەرەپێدانی کولتووری ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ بەگشتی و پاراستنی مافەکانی ئافرەتان و منداڵان کردەوە.

سەرۆکی حکوومەت دەشڵێت: پابەندبوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستانمان بە پەرەپێدانی بنەماکانی یەکسانیی جێندەری و ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو جۆرە توندوتیژی و جیاکارییەك لە دژی ئافرەتان‌ دووپات کردەوە. هەروەها دۆخی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان  و باشرکردنی کوالیتی خوێندن و دەستەبەرکردنی خوێندن بۆ ئافرەتان و منداڵان، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەمان بوو

دڵخوازەكانتان