حكومەتی عێراق بڕی 200 ملیار دیناری دیکەی خستە سەر هەژماری بانكیی حکومەتی هەرێمی كوردستان.
رۆژی دووشەممە، 22ـی ئایاری 2023، فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، “حكومەتی عێراق بڕی 200 ملیار دیناری خستە سەر هەژماری بانكیی هەرێمی كوردستان”.
بەگوێرەی زانیاریەكان 200 ملیارەکە ئەمڕۆ کاژێر 10:48 خولەک خراوەتە سەر هەژماری بانکیی هەرێمی کوردستان.
ئەمە دەبێتە 800 ملیار دینار لەم مانگەدا لە بەغداوە رەوانەی هەولێر بکرێت؛ رۆژی 17ـی ئایار 200 ملیار دینار لە رێگەی بانکی رەشیدەوە خرایە سەر هەژماری بانکیی هەرێمی کوردستان.
هەروەها 9ی ئایار، حکومەتی عێراق 400 ملیار دیناری بۆ مووچە رەوانەی هەرێمی کوردستان کرد.
دوای گەیشتنی یەکەم بڕە پارە لە بەغداوە، رۆژی یەکشەممە، 14-05-2023 دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسان کرا و یەکەم رۆژی دابەشکردنی مووچەش وەزارەتی تەندروستی و چەند شوێنێکی دیکە مووچەیان وەرگرت.
ناردنی پارە بۆ مووچەی هەرێمی کوردستان دوای ئەوە دێت کە رۆژی 26ی شوباتی 2023، حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق گەیشتنە رێککەوتنی بەرایی لەبارەی پرسی بودجە؛ خوێندنەوە بۆ بودجەکە لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق تاوەکو ئەمڕۆ تەواو نەبووە؛ بۆیە حکومەتی عێراق ئەو پارەیەی بۆ هەرێمی کوردستانی دەنێرێت وەکو قەرز هەژماری دەکات تاوەکو ئەو کاتەی بودجەکە پەسند دەکرێت.
بۆ مووچەی مانگێک 940 ملیار دینار پێویستە
بەگوێرەی نوێترین داتای وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان کە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگێکی مووچەخۆران، 940 ملیار دینار پێویستە.
25ـی ئاداری 2023، دەستەی نێوبژیوانی لە دادگەی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، تورکیا و عێراقی لە بڕیاری تایبەت بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی ئاگادارکردەوە.
کاژێر 12:00ـی رۆژی 24-03-2023، تورکیا هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی راگرت، وەکو پابەندبوونێک بە بڕیاری دادگەکە، کە پشتئەستوورە بە “رێککەوتننامەی هێڵی بۆرییەکانی نەوتی خاو”ـی نێوان عێراق و تورکیا، لەوکاتەوە هەرێمی کوردستان داهاتی نەوتی نەماوە کە مانگانە زیاتر لە 700 ملیار دیناری بۆ مووچە لێوە دەستکەوت.
ئێستا هەرێمی کوردستان پشتنی بە داهاتی نێوخۆ و ئەو پارەیە دەبەستێت حکومەتی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان دەینێرێت؛ لە ئەگەری نەناردنی پارە لەلایەن بەغداوە بۆ هەر مانگێک کێشە بۆ دابەشکردنی مووچە دروست دەبێت.