فازڵ میرانی: هیچ ڕێگرییەک نییە ئەمساڵ هەڵبژاردن بکرێت ئەگەر ئێمە و یەکێتی حەز بکەین

به‌رپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە میانەی دیمانەیەکی رۆژنامەوانی دەنگی ئەمەریکادا دەڵێ، سەرۆک مەسعود بارزانی کردنەوەی یادگەی نیشتیمانی بارزانی بە گونجاوترین کات زانی، تا دەستپێشخەرییەکەی بۆ لایەنەکان بە تایبەت پارتی و یەکێتی رابگەیەنێت، هاوکات ئەوەشی خستۆتەڕوو، کە رێککەوتنی نوێ لە نێوان هەردوولا ئەگەر بکرێت، ئەوا پێویستە فراوانتر بێت.

دەستپێشخەرییەکەی بارزانی

ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو سەرۆک مەسعود بارزانی، لە میانەی کردنەوەی یادگەی نیشتیمانی بارزانی نەمر، دەستپێشخەری ئاشتی بۆ لایەنە سیاسییەکان و پارتی و یەکێتی ڕاگەیاند، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەڵێت، “پێش ماوەیەک وەک سەرکردایەتی پارتی، بە جەنابی سەرۆکمان وت کە لە مانگی ڕەمەزان و لە جەژنیشدا دەستپێشخەری بکات، ئەویش فەرمووی جارێ مەجالم بدەنێ با دراسەی بارودۆخەکە بکەم، پێی خۆش بوو، بەڵام بیری لە بۆنەیەک دەکردەوە”.

وتیشی: “سەرۆک مەسعود بارزانی، کردنەوەی مۆزەخانەی مستەفا بارزانی، کە زۆربەی هێزە سیاسییەکانی کوردستان و عێراق تیایدا ئامادەبوون، بە گونجاوترین بۆنە زانی بۆ ڕاگەیاندنی دەستپێشخەرییەکەی”.

ئاماژەی بەوەشداوە، زۆر لە دۆستانی کورد لە عێراق، عەرەب، ئێران، وڵاتانی دیکە، کورد، غەیری کورد، دەوڵەتە بیانییەکان، یەکێتی ئەوروپا، نەتەوە یەکگرتووەکان، سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان و هەموو دۆستەکانی کورد، هەمیشە دەڵێن ئێوە یەکبن باشترە، ئەگەر ئێوە یەکبن دەتوانین زیاتر یارمەتیتان بدەین.

ئەمەریکا لە کوێی خاوکردنەوەی گرژییەکانی نێوان یەکێتی و پارتیدایە؟

پێشتر بەشێک لە میدیا لۆکاڵییەکان لە زاری سەرچاوەکانی خۆیانەوە بڵاویان کردەوە، باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە هۆتێل ڕۆتانا لەگەڵ شاندێکی پارتی، کە پێکهاتبوون لە نێچیرڤان بارزانی و فازڵ میرانی، لەگەڵ قوباد تاڵەبانی کۆبۆتەوە. 

فازڵ میرانی ڕەتیکردەوە کۆبوونەوەی لەو جۆرە کرابێت و ئاماژەی بەوەداوە، کە کاک قوباد لەوێ نەبووە، وە خۆیشی لە دوورەوە سڵاوی لە وەکیل وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کردووە و، کە وتارەکەی خوێندۆتەوە، لە پاش ئەوە بۆنەکەی بەجێهێشتووە و، هیچ کۆبوونەوەیەکیان نەکردووە.

بەڵام ئەوەشی خستۆتەڕوو، کە ئەمەریکا هەر لە سەردەمی مادلین ئۆلبرایت، وەزیری پێشووتری ئەمەریکا، ڕۆڵی بەردەوامی هەبووە لە چاککردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، “ئەم بەردەوامییە بە ڕاستی لە چاکەی ئەوانە ئەگەر لەبەر چاوی ڕەشی ئێمەش نەبێت، بەڵام بۆ بەرژەوەندییە هاوبەشەکانمانە”.

” بۆچی دەبێت ئەمەریکا هەڕەشەمان لێبکات؟!”

لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن ئەمەریکا هەڕەشەی لە پارتی و یەکێتی کردبێت، وتی ئەو جۆرە دەنگۆیانە هی ڕۆژنامەکانە، یا هی کەسێکە کە سوود لەوە دەبینێت، دەشڵێت پاشان ئەمەریکا بۆچی هەڕەشە بکات؟ پارتی و یەکێتی نە سوریایە و نە عێراقە و نە ئەفغانستانە.

بەڵام وتی ئەگەر ئەمەریکا فشار بخاتە سەر پارتی و یەکێتی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، مانای ئەوە نییە هەڕەشە دەکات، بەڵکو فشارێکە لە بەرژەوەندی پارتی و یەکێتیدایە.

“هیچ ڕێگرییەک نییە هەڵبژاردن بکرێت ئەگەر ئێمە و یەکێتی حەز بکەین”

لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن، فازڵ میرانی بۆ ماڵپەڕەکە وتوویەتی، کە ئێستاش دەڵێ، نیەتی دروستکردنی کۆبوونەوە، نیەتی داڕشتنی بەلاغەکە لە شوێنی خۆی بێت، بەڵام نیەتی پەیڕەوکردنی ناوەڕۆکی بەلاغەکە گرینگە، دەشڵێ پێویستە هەڵبژاردن بکرێت، چونکە هیچ ڕێگرییەک لە بەردەم هەڵبژاردن نییە، ئەگەر پارتی و یەکێتی حەز بکەن.

(18ی مانگ)..

سەرۆک مەسعود بارزانی، لە میانەی وتارەکەیدا لە کردنەوەی یادگەی نیشتمانی بارزانی، ئاماژەی بەوەکرد، کە پێویستە پارتی و یەکێتی هەتا 18ی ئەم مانگە ڕێکبکەون، لە وەڵامی ئەو پرسیارەی بۆچی 18ی مانگ؟

فازڵ میرانی وتی: “ڕەنگە بۆ ئەوە بێت کە شەش مانگ بمێنێتەوە لە پێش کۆمسیۆن، تا بتوانێت لە 18ی مانگی یازدەی 2023 هەڵبژاردن بکرێت، ئەگەرنا جەنابی سەرۆک بارزانی، مەبەستێکی دیاریکراوی بۆ 18 ی مانگ نەبووە، وە زیاتر هاندانی پارتی و یەکێتی بوو تا زووتر کۆبوونەوە بکەن”.

رێککەوتن

فازڵ میرانی باسی لەوەشکردووە، پێش ساڵی نەوەدەکان شەڕی خراپتریان کردبوو، دواتر ڕێککەوتننامەی ستراتیژییان کردووە، “من حەزدەکەم کەسێکی بێلایەن بێت، بڵێت پارتی و یەکێتی زیانیان لەم ڕێککەوتنامە ستراتیژییە کردووە، هەر بەو ڕێککەوتننامە ستراتیژییە (مام جەلال) بووە بە سەرۆککۆمار و، جەنابی سەرۆک بارزانی بووە سەرۆکی هەرێم و وەزارەتەکانمان هاوبەش کردەوە”.

وتیشی: بەداخەوە ئۆپۆزسیۆنی ئێمە، هەر شتە نەرێنییەکان دەبینن، بەڵام ئەم دامەزراوەی کە ئەم وڵاتە بەڕێوەدەبات، لە 4ی مانگی حەوتی ساڵی 1992 وە، کە یەکەمین کابینەی حکومەتی هەرێم دامەزرا هەتا ئێستا بە دوو ئیدارەییشەوە، هەڵبەتە ئیشی باشکراوه،‌ بەڵام لە پاڵ ئەوە، ئیش هەیە نەکراون”.

فازڵ میرانی ئەوەشی وت، کە‌ بە بۆچوونی ئەوان، قازانجێکی زۆر لەو ڕێککەوتننامە ستراتیژییە کردووە، وە کوردستان سەقامیگیری بەخۆیەوە بینیووە.

بە وتەی فازڵ میرانی، بۆ داهاتوو ڕێککەوتنی ستراتیژی لەسەر سێ شتە، یەکەم سوودی میللەت و وڵاتەکە، دووەم سوودی هەردوولا لە ڕێککەوتنەکە، هەم پارتی و هەم یەکێتی.

وتیشی، کەواتە هەرسێ هۆکار هاندەرە ڕێککەوتنێک بکرێتەوە، بەڵام دۆخی ئێستا و دۆخی ئەوسا لە یەکتری جیاوازە، لە دوای هەڵبژاردن و پەیڕەوکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن، زەمینەسازییەکە بۆ ڕێککەوتنێکی تازە.

فازڵ میرانی بۆچوونی وایە، کە ڕێککەوتنی فراوانتر بکرێت تا خەڵکی دیکەی تێدا بێت باشترە، هەر کاتێک پارتی و یەکێتی لە یەکتری نزیک بوونەتەوە و پێکەوە کاریان کردووە، زۆربەی زۆری کات هێزەکانی کوردستان هاوکاربوون، یا بوونەتە هاوبەش.

هەروەها ئەوەشی وت، نزیکبوونەوەی پارتی و یەکێتی، زەمینەسازی بۆ هێزەکانی دیکە دەکات، کە لە هەردوولایان نزیک ببنەوە، وە بە دوورکەوتنەوەیان لە یەکتری، هێزە سیاسیەکانی دیکە دەکەونە دڵەڕاوکێ و، نازانن لەگەڵ کام نزیک بن، یا لەگەڵ کام دووربکەونەوە، لەبەر ئەوەی زۆرینەیان بێدەنگی، یان بێلایەنی هەڵدەبژێرن.

خاڵی ئێستای ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی

سەبارەت بە خاڵی ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی لە ئێستادا، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان وتی: “بەدڵنیاییەوە خاڵی ناکۆک هەیە، بۆیە دوو حزب هەیە، ئەگەرنا دەبوونە یەک حزب، ڕەنگە لە مەسەلەی مامەڵە لەگەڵ دەووروبەر، یا عێراق بێت، یان لەسەر بابەتی داهات و شێوەی حوکمڕانییەکەی بێت، ئەمانە هەمووی لە هاوبەشدا دێنەوە پێش.

دەربارەی کۆبوونەوەکەی نێوان مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی، فازڵ میرانی وتی: “ئەگەر ئەوان ڕێکبکەون، من دڵنیام پارتی و یەکێتی پاڵپشتی هەردووکیان دەکەن”.

میرانی وتیشی، سەبارەت بە پارتی 100% پشتیوانی لە کاک مەسرور دەکەن، لەگەڵ هەر شتێک ڕێککەوتبێت، ئەوان پشتگیری سەرۆکوەزیرانی خۆیان دەکەن.

مامەڵە لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی

سەبارەت بە مامەڵەی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی، بە تایبەت لە دوای ڕێککەوتنی هەردوولایان؟

فازڵ میرانی وتی: “من پێموایە ئێمە دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆی یەکێتی نەکەین باشترە، ئێمەش پێمان خۆش نییە، کەسێک دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی ئێمە بکات، ئەوە مەسەلەیەکی ناوخۆی یەکێتیە، ئەگەر بەیانی ئاشت ببنەوە ئێمە نابینە ڕێگر، حەزدەکەین هۆکارێکی خێر بین، ئێمە خۆمان ناچینە ناو ئەو (مەعمەعەیە)وە”.

فازڵ میرانی وتووشیەتی: “(سابق لأوانه) وەک عەرەب دەڵێت، ئێمە لایەنگری هیچ لایەک نابین دژی ئەوی دیکە، پێمان باشە لەتکردن لەنێو حزبی کوردستانیدا نەبێت، چونکە ئەنجامی نەرێنی دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵگا”.

هەروەها سەبارەت بەوەی لە دوای ڕێککەوتنتان چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو سەرکردە و کەسی دەزگا ئەمنیەکانی ناو یەکێتی دەکەن کە هاتوون بۆ ناو هەولێر؟

لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان وتی” دەزگای ئەمنی حکومییە، بە ڕای من پارتی و یەکێتی دەستێوەردان نەکەن، بەڵکو بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەجێی بهێڵن باشترە. “

دەربارەی دەنگۆی ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتی لەسەر کۆکردنەوەی داهاتی ناوخۆ لەلایەن لیژنەیەکی پارتی و یەکێتی؟

فازڵ میرانی وتی لیژنەکە حکومییە هی پارتی و یەکێتی نییە، وە لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە دانراوە و وەزیری دارایی خۆی ئاگاداری بڕیارەکەیه‌ و هەرچی شتێکیش بکرێت بەبێ وەزارەتی دارایی ناکرێت. “

دڵخوازەكانتان