بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی عەربەت دەڵێ هێزێك بەبێ نووسراوی فەرمی هەڵیانكوتاوەتە سەریان

بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی عەربەت لە سنووری سلێمانی ئاشكرای كرد، لە لایەن هێزێكەوە ”بەبێ ئەوەی نووسراو و بەڵگەنامەی فەرمییان پێ بێت“ چوونەتە سەر فڕۆكەخانەكەیانەوە و پشكنیویانە.

نەورۆز عەبدولقادر، بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی كشتوكاڵیی عەربەت ئاشكرای كرد، هێزێك بەبێ هەبوونی نوسراو و بەڵگەنامەی فەرمی، چوونەتە سەر فڕۆکەخانەکەیان و ”خۆم و کارمەندەکانیان دەرکرد و فڕۆکەخانەکەیان پشکنی،“ بەم هۆیەشەوە دەسەڵاتی فڕۆكەوانیی عێراقی لە بابەتەكە ئاگادار كردووەتەوە، ئەوانیش پێیان گوتوون كە جگە لە ئێوە، كەسی تر خاوەنی فڕۆكەخانە نییە، بۆیە بە بابەتەكە تووڕە و نیگەران بوون.

بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەكە بۆ بەشی كوردیی (دەنگی ئەمریكا) باسیشی لەوە كردووە كە ڕەنگە هێزەكە ”لەسەر فڕۆکەخانە شتیان پێ گەشتبێت. بۆیە لیژنەیەکی بێ چەک هاتنە سەرمان کە فڕۆکەی هاتوچۆیان پێ بوو. خۆم و کارمەندەکانیان کردە دەرەوە. بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک لەناو فڕۆکەخانە مانەوە و ژوورەکانیان پشکنی.”

نەورۆز عەبدولقادر ئەوەیشی ئاشكرا كردووە، لەو هێزەی پرسیوە کە چوونەتە سەریان، ئاخۆ بەرپرسانی حکوومەتی عێراقیان ئاگادار کردووەتەوە؟ ئەوانیش جەختیان کردووەتەوە کە بەرپرسانی عێراقیان ئاگادار کردووەتەوە، كەچی دواتر بەرپرسانی عێراق بێئاگایی خۆیان لە ڕووداوەکە نیشان داوە.

فڕۆكەخانەی كشتوكاڵیی عەربەت لە باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری سلێمانییە و گەورەترین فڕۆكەخانەی كشتوكاڵییە لە هەرێمی كوردستان و لە 2017-وە بەفەرمی ناسێندراوە.

دڵخوازەكانتان