كۆبوونەوەی شاندی پارتی و یەکێتی، لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە سلێمانی دەستیپێکرد

کەمێک لەمەوبەر شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان گەیشتە سلێمانی و لەلایەن شاندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان پێشوازیان لێکرا.

تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی شاندی پارتی و یەکێتی، گفتوگۆکردنە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان.

شاندی پارتی پێکدێت لە مەحموود محەممەد، رێبوار یەڵدا، عەلی حوسێن، د.پشتیوان سادق، د. هێمن هەورامی و د. جەعفەر ئیمینکی. هەروەها شاندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە شاڵاو عەلی عەسکەری، د. خەسرەو، عیماد ئەحمەد، رزگار حاجی حەمە، د. میران محەممەد و ئه‌مین بابەشێخ پێکدێت.

ئەم کۆبوونەوەیە دوای دەستپێشخەری سەرۆک مەسعود بارزانی دێت، کە لە رۆژی 11/5/2023، لە میانی رێوڕەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانی گوتارێکیدا داوای لە لایەنە سیاسییەکان کرد، بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکانی ناوچەکە، پێش 18ـی ئەم مانگە، کۆبووەوەیەکی فراوان ساز بکەن. سەرۆک بارزانی، گوتی: بانگەوزاێك بۆ هەموو لایەن سیاسییەکانی کوردی دەکەم، تا لاپەڕەیەکی نوێ بکەنەوە و پێش 18ـی ئەم مانگە کۆبوونەوەیەکی فراوان بکەن و تێیدا هەموو کێشەکان باس بکرێن و چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە.

سەرۆک بارزانی رایگەیاند: پێش ئەم کۆبوونەوەیە داوا لە هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی دەکەم، کۆبوونەوەیەک بکەن، تا ئەم تەمومژیە نەمێنێت و زەمینەسازی بۆ کۆبوونەوە گەورەکە بکەن.

دڵخوازەكانتان