“لەم یەک، دوو رۆژەدا 400 ملیار دینارەکە دەخرێتە سەر هەژماری حکومەتی هەرێمی کوردستان”
بریکاری وەزیری دارایی عێراق دەڵێت، لەم یەک، دوو رۆژەدا 400 ملیار دینارەکە دەخرێتە سەر هەژماری حکومەتی هەرێمی کوردستان. پێشبینیش دەکات تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە، پەرلەمان دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی 2023 بدات.
رۆژی سێشەممە، 09-05-2023 مەسعود حەیدەر، بریکاری وەزیری دارایی عێراق گوتی “رێکارە کارگێرییەکانی ناردنی 400 ملیار دینارەکە تەواو بوون و لەم یەک دوو رۆژەدا پارەکە دەخرێتە سەر هەژماری حکومەتی هەرێمی کوردستان”. ئەمە لەکاتێکدایە رۆژی 18-04-2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبووەوە و بە کۆی دەنگ بڕیاری دا بودجەیەک بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، کە بڕەکەی 400 ملیار دینارە و بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە.
عێراق 400 ملیار دینارەکەش بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، هەر کورتهێنان بۆ مووچەی مانگی نیسان دروست دەبێت؛ چونکە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 900 ملیار دیناری پێویستە کە لەو پارەیە 200 ملیار دیناری لە داهاتی ناوخۆ دەبێت و زیاتر لە 700 ملیار دیناری لە داهاتی نەوتە، بەڵام لە کۆتایی مانگی ئادارەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان راگیراوە، واتە ئەم مانگە هیچ پارەیەکی نەوت بەردەست نابێت.
بۆ مووچەی مانگی نیسان، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان زیاتر لە 100 ملیار دیناری بەردەستە، ئەگەر بەغدا 400 ملیار دینارەکە بنێرێت ئەوە دەکاتە 500 ملیار دینار بە داهاتی ناوخۆشەوە کە 200 ملیار دینارە، دەکاتە نزیکەی 700 ملیار دینار (ئەوە جگە لەوەی داهاتی ناوخۆی پێویست لە هەموو پارێزگاکاندا بەردەست نییە)، جگە لەوەش بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی ئادار، وەزارەتی دارایی زیاتر لە 100 ملیار دینار قەرزیکردووە. بۆیە بەوشێوەیە بە ناردنی 400 ملیار دینارەکەش، داهاتی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی مووچە تووشی کورتهێنان دەبێت.