راگرتنی نەوت “کێشەی گەورەی” بۆ مووچەی فەرمانبەران دروستکردووە

وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، راگرتنی نەوت “کێشەی گەورەی” بۆ مووچەی فەرمانبەران دروستکردووە و دەڵێت، “هیوادارین حکومەتی عێراق بەڵێنەکانی بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بباتە سەر.”

رۆژی دووشەممە، 8-5-2023، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی رێککەوتنی هەرێمی کوردستان و عێراق لەسەر دۆسیەی نەوت، لە راگەیێندراوێکدا گوتی، “بنەمای رێکەوتنەکە بۆ سەرەتای پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق دەگەڕێتەوە و لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی چەند خاڵێکمان بۆ ئیدارەدانی دۆسیەی نەوتی هەرێم چەسپاندووە.”

ئاوات شێخ جەناب گوتیشی: “لەم قۆناخەدا لەپێشترێتی هەرێمی کوردستان جێبەجێکردنی رێکەوتنی هەرێمی کوردستان و بەغدایە وەکو خۆی و لەو چوارچێوەیەشدا هەرێمی کوردستان هەموو داواکارییەکانی جێبەجێکردووە و چاوەڕوانی عێراق و تورکیان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی ئەو کێشە سیاسی و تەکنیکیانەی لەبەردەم پرۆسەکەدا ماون.”

قسەکانی وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکی وەزارەتەکەی هاتووە و دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ دکتۆر تۆرکیلد بیوگ، بەرپرسی نووسینگەی پەیوەندییەکانی یەکێتی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان کە ئەمڕۆ سەردانی وەزارەتی دارایی کردبوو.

دڵخوازەكانتان