دانا عەبدولکەریم: سەدا 90ـی داواکاری هاووڵاتییان جێبەجێ دەکەین

دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ئەمڕۆ سەردانی خۆپیشاندەرانی رێگای سماقوڵی کرد رایگەیاند، سەدا 90ـی داواکاری هاووڵاتییان جێبەجێ دەکەین.

دانا عەبدولکەریم لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە نۆژەنکردنەوەی رێگای سماقوڵی گوتی: گوندنشینان چەند داواکارییەکیان هەبوو، کە بەپێی نەخشەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە جێبەجێ دەکرێن.

ئاماژەی بەوەشدا، یەکێک لە داواکارییەکان، قیرتاوکردنی رێگەی میرسەید بووە، کە ئەمساڵ دوای پەسەندکردنی بودجە، پرۆژەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

دانا عەبدولکەریم رایگەیاند، یەکشەمەی داھاتوو دەستدەکەن بە نۆژەنکردنەوەی رێگای سماقوڵی.

سەبارەت بە رێگەی نێوان کەلار – سلێمانی کە ئێستا کارکردن تێیدا وەستاوە، وەزیری ئاوەدانکردنەوە باسی لەوە کرد، ئەو پرۆژەیە لە 2011ـەوە دەستیپێکردووە و ئەو رۆژەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستبەکاربووە، رێژەی جێبەجێکردنی لە سەدا 15 کەمتر بووە، ئێستا ئەو رێژەیە گەیشتووەتە لە سەدا 60، واتە لە ماوەی سێ ساڵدا کابینەی نۆیەم زیاتر لە 72 ملیار دیناری بۆ ئەو پرۆژەیە خەرج کردووە، گرفتی سەرەکی لە تەواونەبوونی پرۆژەکە پەیوەندیدارە بە نەبوونی پارەوە، کە پارەی پێویست بۆ تەواوبوونی پرۆژەکە 65 ملیار دینارە.

دڵخوازەكانتان