میسی دەچێتە خولی سعودیە

راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی زانیارییەکی سەرنجڕاکێش لەبارەی ئەگەری چوونی لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی بۆ خولی سعودیە ئاشکرا دەکات.

رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی، لەبارەی ئەگەری چوونی لیۆنێل مێسی بۆ خولی تۆپی پێی سعودیە دەڵێت “گرێبەستەکە لە رێگەی یانەیەکەوە ئەنجام نادرێت.”

ئەو رۆژنامەیە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە حکومەتی سعودیە، بە کارەکانی گواستنەوەی مێسی هەڵدەستێت بۆ پەیوەندیکردنی بە خولی وڵاتەکەیانەوە، دوای ئەوەی ناسنامەی ئەو یانەیە ئاشکرا دەکرێت کە مێسی یاریی بۆ دەکات، بەڵام نزیکترین یانە کە ئەگەر مێسی بچێتە ئەو خولە، یانەی هیلالە.

مێسی گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان لە 30-6ـی ئەمساڵ کۆتاییدێت، هیچ رێککەوتنێک بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە فەرەنسییەکە نییە، زۆرینەی سەرچاوەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە باوکی مێسی بە کارگێریی پاریس سانجێرمانی راگەیاندووە کە گرێبەستەکەیان نوێ ناکەنەوە.

سەرەتای ئەم مانگە مێسی بە گەشتێکی سێ رۆژە چووە سعودیە، کە باڵیۆزی گەشتیاریی ئەو وڵاتەیە و میدیای سعودیەش دەڵێت “مێسی لەگەڵ کەسێکی رێگەپێدراوی یانەی هیلال کۆبووەتەوە و هەموو وردەکارییەکانی گرێبەستی یانە سعودییەکە بۆ لیۆ خراونەتەڕوو، مێسی داوای موڵەتی کردووە، بۆ ئەوەی بیربکاتەوە و دوای ئەوە بڕیاری خۆی بدات.”

ئەم گەشتەی مێسی ناڕەزایەتییەکی زۆری هاندەران و یانەی پاریس سانجێرمانی لێکەوتەوە و بەو هۆیەوە یاریزانەکە لەلایەن یانە فەرەنسییەکەوە سزادرا، شەوی هەینی مێسی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا گوتی “داوای لێبوردن لە هاوڕێکانم دەکەم بۆ ئەوەی روویدا، نەمدەتوانی گەشتەکەم هەڵبوەشێنمەوە، ئێستا چاوەڕێی یانەکەم دەکەم بۆ ئەوەی بزانم چ هەنگاوێک دەنێت.”

دڵخوازەكانتان