“حاڵەتەكانی تووشبوون بە هەوكردنی پەردەی مێشك بەهۆی بەكتریاوە زیادیكردووە”

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی رایدەگەیەنێت، زۆر بەكارهێنانی دەرمانی دژەبەكتریا بۆ منداڵان بووەتەهۆی “كارەسات” و دەشڵێت، حاڵەتەكانی تووشبوون بە هەوكردنی پەردەی مێشك بەهۆی بەكتریاوە زیادیكردووە.

پشدەر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی دكتۆر جەمال رەشیدی منداڵان لە سلێمانی راگەیاند، چەند ساڵێكە داوادەكەن دایك و باوكان خۆیان بەدووربگرن لە بەكارهێنانی دەرمانی دژە بەكتریا بۆ منداڵەكانیان، بەهۆیەوە ئێستا لە “كارەسات”دان.

وتیشی، “یەكێك لەو كارەساتانە كە رووی لێكردوین بەهۆی بەكارهێنانی دەرمانی دژە بەكتریایە، زۆر بەكارهێنانی دەرمانەكە وایكردووە لەنێوان ڤایرۆس و بەكتریادا كێشە بۆ ئێمە دروستبكات”.

گومانی زۆر دەكەن نەخۆشییەكە ڤایرۆسی بێت، لەئێستاشدا بەشێك لە حاڵەتەكان ڤایرۆسییە، بەڵام بەداخەوە حاڵەتی بەكتریاكان زیادیكردووە، وەك ئەوەی پشدەر عەبدوڵا ئاماژەی پێدا و روونیكردەوە، “لە كۆی 9 حاڵەت سیانیان پۆزەتیڤە، واتە لە 30%”یان بەهۆی بەكتریاوە بووە، ئەمڕۆش دوو پشكنینی دیكە دەرچووە و سەرچاوەكەی بە بەكتریا دیاریكردووە.

دووپاتیشیكردەوە، “ئەمە ئەو كارەساتەیە كە هەمیشە باسیدەكەین، تكایە خۆتان بەدووربگرن لە بەكارهێنانی دەرمانی دژە بەكتریا، تكایە منداڵەكانتان پیشانی پزیشكی پسپۆڕ بدەن، بەرلەوەی هەر جۆرە دەرمانێكی بدەنێ”.

دڵخوازەكانتان