یەکێک لە پرۆژەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ خزمەتی کەرتی پەروەردە دانانی پرۆژەیەکی تایبەت بە پەروەردەیە کە لە 185 ماددەی تایبەت بە کەرتی پەروەردە پێک هاتووە و پێشبینی دەکرێت ساڵی داهاتوو پەیڕەو بکرێت.
گوڵستان باقی، ئەندامی لیژنەی پەروەردەی پەرلەمانی کوردستان، ڕاگەیاند: ”پرۆژەی پەروەردە کە لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان کراوە، زیاتر لە ساڵێک کارمان لەسەر کردووە و باشترین کاری لەسەر کراوە و ئامانج لە دانانی پرۆژەکەش ڕێکخستنی زیاتری سیستەمی خوێندن لە کەرتی پەروەردەیە و لە 185 ماددە پێک هاتووە. پێشتریش یاسای پەروەردەمان هەبوو، بەڵام وەکوو ئەم پرۆژەیە مەزن و باش نەبووە. بە خۆشییەوە لەم خولەی پەرلەماندا باشترین کار لەسەر پرۆژەی پەروەردە کرا و دەبینە هۆی ئەوەی کە لە داهاتوودا پلان و هۆشیارییەکی باشمان هەبێت.”
گوتیشی: ”هەموو ماددەکانی ئەم پرۆژەیە گرنگن و گرنگترینیان باس لە ژینەگەیەکی باش و ڕێکخراو لەناو کەشی قوتابخانەکاندا دەکات بۆ ئەوەی قوتابی بتوانێت باشترین زانست لە قوتابخانە وەرگرێت.”
جەختیشی کردەوە: ”پرۆژەکە بۆ دواین تیبینی ڕەوانەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کراوە و پێشبینی دەکەین ساڵی داهاتووی خوێندن ئەو پرۆژەیە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە.”