لە هەولێر ”ناوەندی تۆمارکردن و پاراستنی پەناخوازان’ كرایەوە

لە ڕێوڕەسمێکدا لە هەولێر ”ناوەندی تۆمارکردن و پاراستنی پەناخوازان” بە پاڵپشتیی UNHCR و دابینکردنی لایەنی دارایی لەلایەن سندووقی پەرەپێدانی کوێت کرایەوە و تێیدا وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان وتارێکی پێشکەش کرد.

د. ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمەکەدا گوتی: پرۆژەکە بۆ ئەو ئامانجە گرنگەیە کە ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەش بە پەنابەران دەکرێن، بە جۆری خزمەتگوزاریی یەک پەنجەرەیی بێت، بۆ ئەوەی پەنابەر تووشی ئەزیەتی زۆر نەبێت و بە شێوەیەکی ئاسان و بە کەمترین تێچوو خزمەتگوزارییەکانی هەرێمی کوردستان و ڕێکخراوەکانی یوئێن وەربگرن.

وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوەش دا کە ناوەندی تۆمارکردن و پاراستنی پەناخوازان هەموو ئۆرگانەکانی سەر بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هاوبەشانمان لە یوئێن لێرە کۆ دەکاتەوە بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ خزمەتگوزارییەکان پێشکەش بە پەنابەران بکەن.

د. ڕێبەر ئەحمەد گوتیشی: پێشبینی دەکرێت کە ئەم ناوەندە خزمەتگوزاری پێشکەش بە 100 هەزار کەس لەو پەنابەرانەی ناو هەرێمی کوردستان بکات کە لە پارێزگای هەولێرن، مەزندە دەکرێت کە زیاتر لە نیوە پەنابەرانی ناو هەرێمی کوردستان لە پارێزگای هەولێر بن.

وەزیری ناوخۆ جەختی لەوەش کردەوە کە ئەوەی لەسەر ئەستۆی حکوومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستانە بۆ پەنابەرانی دەکەن و داوایشی لە وڵاتانی کۆمەکبەخش و ڕێکخراوەکانی سەر بە یوئێن کرد کە ئەم ئەرکە تەنیا بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەجێ نەهێڵن.

ڕاستە عێراق وڵاتێکی دەوڵەمەندە و بودجەی زەبەلاحی هەیە بەڵام بۆ ئاوارە و پەنابەرانی، وەکوو پێویست ئەرکی خۆی جێبەجێ ناکات، بەتایبەتی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق زۆر نابەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ بابەتی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان دەکات و هەمیشە لە ڕووی سیاسییەوە سەیری ئەم بابەتەی کردووە.

ئیمە لە هەرێمی کوردستان دەرگامان بەڕووی هەر کەسێکدا کردووەتەوە کە پێویستی بە هاوکاری هەبێت. بەتایبەتی دوای شەڕی تیرۆریستانی داعش نزیک بە دوو ملیۆن و نیو ئاوارە و پەنابەر ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کرد.

دڵخوازەكانتان