فراکسیۆنی پارتی: یەکێتی دەیان پێشنیازی ئێمەی بۆ هەڵبژاردن رەتکردووەتەوە

پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا 18 خاڵی خستەڕوو و گوتی هەڵوێست و هەوڵەکانی پارتی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بە وردی دەخەینەڕوو و، “پێویستە خەڵکی کوردستان بزانێت کێ هۆکاری ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنە”.

رۆژی سێشەممە 02-05-2023 پێشەوا هەورامانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: “هەنگاوەکانمان بۆ هەڵبژاردن لەبەردەم بنبەست دایە” ئەویش بە گوتەی ئەو: بەهۆی نەهاتنەپێشەوەی بەشێکی لە هاوبەشەکانیان بۆ ئەنجامدانی دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بۆ پرسی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن.

یەكشەممە 9-10-2022 پەرلەمانی كوردستان سەبارەت بە پێشنیازەیاسای درێژكردنەوەی ماوەی خولی پێنجەم كۆبوویەوە و بە دەنگی 80 پەرلەمانتار لە فراكسیۆنەكانی پارتی، یەكێتی، گۆران و پێكهاتەكان، پێشنیازەیاساكە پەسندكرا تەمەنی پەرلەمان بۆ ساڵێک درێژکرایەوە و لە پێشنیازەیاساکەدا ئاماژە بەوەدرا، لەو ماوەیەدا رێکارە یاساییەکان تەواوبکرێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان.

پێشەوا هەورامانی دەڵێت: “پارتی دیموکراتی کوردستان بە ناچاری هەنگاوی بەرەو درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان ناوە بۆ ئەوەی رێکارە یاساییەکان تەواوبن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەماوەی ئەمساڵەدا. لەو پێناوەشدا بە کۆمەڵێک بابەت رازیبووین، کە لە سەرەتا بۆچوونی ئێمە نەبووە و لە داواکارییەکانی خۆمان هاتووینەتە خوارەوە تەنیا بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بکرێت.”

ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بە 18 هەنگاوی حیزبەکەی دا، بۆ کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و هەمواری یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان کە سەرجەمیان “بەهۆی نەهاتنەپێشەوەی لایەنەکان بە بنبەست گەیشتوون”.

لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بۆ دەنگدان بە پێشنیازەیاسای بەردەوامبوونی خولی پێنجەمی پەرلەمان، هەر یەكە لە فراكسیۆنەكانی یەكگرتووی ئیسلامی، كۆمەڵی دادگەری و سەربەخۆكان بایكۆتی دانیشتنەكەیان كرد و بەشدارنەبوون لە دەنگدان بە پێنشیازەیاساكە.

پێشەوا هەورامانی گوتی: “جۆرێک لە بێهیوایی دروستبووە کە خەریکە ئەمجاریش هەڵبژاردن نەکرێت، هۆکاری سەرەکی ئەمەش یەکێتی نیشتمانی کوردستانە، ئێمە لەژێر گوشاری ئەوەی بۆشایی یاسایی لە هەرێمی کوردستان دروستنەبێت پەنامان بردە بەر درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بۆ ئەوەی هەموو ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردن تەواو بکرێت”.

ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان دووپاتیدەکاتەوە، “هەر دەستپێشخەرییەک دەخەینەڕوو لە بەرامبەریدا لەمپەرێک دروستدەکرێت، پارتی بە سیستمی فرەبازنەیی و هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و سەرجەم خاڵەکانی دیکە رازیبوو، بەڵام لەگەڵ هەر رازیبوونێکمان، لەمپەرێکی دیکە دروستدەکرێت”.

پێشەوا هەورامانی دەشڵێت: “یەکێتی لە هەر هەنگاوێک کە بەڵێنیداوە، لە جاری داهاتوودا بەشێوەیەکی دیکە هاتوونەتە پێشەوە، هەر بڕیارێک لە کۆبوونەوەکان دراوە، بۆ کۆبوونەوەی داهاتوو بە بیانووی نەخۆشکەوتن یان هەر هۆکارێکی دیکە کۆبوونەوەکە نەکراوە”. گوتیشی: “ئەگەر ئەمڕۆ یەکێتی 10 مەرجی هەبێت بۆ هەڵبژاردن و پارتی بە هەموویان رازیبێت، رۆژی دواتر 10 مەرجی دیکە دادەنێت و ئامانجیشی ئەوەیە هەڵبژاردن نەکرێت”.

رۆژی 26-03-2023 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە فەرمانێکی هەرێمی، رۆژی 18-11-2023ی وەکو رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان دیاریکرد، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان داوای لە پەرلەمان و سەرجەم فراکسیۆنەکان کرد، هەنگاوی کردەییان بۆ متمانەبەخشین و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن هەبێت.

دڵخوازەكانتان