ئەنجومەنی تێكۆشەرانی پارتی دیموكراتی كوردستان یەكەم كۆبونەوەی خۆی سازدا

دوای ئەوەی لە کۆنگرەی 14ی پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیار لەبارەی دروستکردنی ئەنجومەنی تێکۆشەران درا، ئەو ئەنجومەنە پێک هاتووە لە 14 کارگێڕ و سەرۆک بارزانیش سەرۆکی ئەنجومەنەکەیە، کارگێڕێکی ئەنجومەنی تێکۆشەرانیش دەڵێت، کاری ئێمە پێشنیار و ڕاسپاردە دەبێت بە شێوەی ڕاستەوخۆ بۆ سەرۆک بارزانی، لەبارەی پێشخستنی حزب و خزمەتی خەڵک و ناوچە کوردستانییەکان.

کارگێڕی ئەنجومەنی باڵای تێکۆشەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان، وەحیدە یاقۆ هورمز، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ”ئەنجومەنی تێکۆشەران پێک هاتووە لە 14 کارگێڕ و سەرۆک بارزانی خۆی سەرۆکی ئەنجومەنە و مەسعود ساڵەیی، سەرۆکی دەستەی کارگێڕییە و نوێنەری سەرجەم پێکهاتەکانیشی تێدایە و بارەگاکەشی لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان دەبێت و یەکەم کۆبوونەوەی خۆمان ئەنجام دا و ڕۆژی پێنجشەممەش لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆ بووینەوە، چونکە یەکەم کۆبوونەوە زیاتر یەکترناسین بوو و دواتر لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆ بووینەوە، بۆیە سەرۆک بارزانی ئێمەشی سەرپشک کرد بارەگامان لە کوێ بێ، بۆیە لە هەولێر دەبێت بارەگاکە، چونکە دەستەی کارگێڕی 14 کەسن و لە هەموو ناوچەیەک نوێنەری خۆی تێدایە و پێکهاتەکانیش نوێنەری خۆیان هەیە.”

وەحیدە یاقۆ هورمز گوتیشی: سەرۆک بارزانی خۆی سەرپەرشتیی ئەنجومەنی باڵای تێکۆشەران دەکات کە لە کۆنگرەی 14 بڕیاری لێ دراوە و ڕاستەوخۆ سەر بە سەرۆک بارزانین، کە ئەرکی ئێمە گەیاندنی ڕاسپاردە و پێشنیاری ڕاستەوخۆ بە سەرۆک بارزانی دەبێت، چونکە زۆر شت هەیە ناگات، بەڵام ئەوەی ئێمە هەر شتێک هەبێت ڕاستەوخۆ بە سەرۆک بارزانی دەگەیەنین، لەبارەی پێشخستنی حزب و ناوچە کوردستانییەکان و خزمەتی خەڵکی کوردستان بەگشتی، دەیکەینە پێشنیار و پێشکەشی سەرۆک بارزانیی دەکەین.

دڵخوازەكانتان